گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە مزگەوتێک گۆرانی لێدەدرێت

بەڤیدیۆ؛ بەبۆنەی ساڵی نوێوە لە بڵندگۆی مزگەوتێکەوە گۆرانی لێدەدرێت

2021.01.12 - 21:22

ناس کورد-

لە ڕووداوێکی کەم وینەدا بەبۆنەی ساڵی نوێی ئەمازیغییەوە لەڕیگەی بڵندگۆی مزگەوتێکی وڵاتی جەزائیر گۆرانی لێدەدرێت و ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە و ڕەخنەی توند لە کارەکە دەگیرێت.

 

بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، لەڕێگەی بڵندگۆی مزگەوتێکی وڵاتی جەزائیرەوە گۆرانییەکی کۆنی هونەرمەندێکی ئەمازیغی لێدەدرێت، ئەوەش وەک خۆشی و ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی ساڵی نوێی ئەمازیغییەوە.

 

کارەکە مشتومڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتە دروستکردووە و بەشێک ڕەخنە لە مامۆستای ئایینی مزگەوتەکە دەگرن کە ڕێگەی بە کارێکی وا داوە و هەروەها داوادەکەن، ئەو کەسانەی ئەو کارەیان کردووە، سزا بدرێن، بەڵام تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەو پرسە نەهاتوونەتە دەنگ.

 

هەژمارێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەو وڵاتە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ (سێشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2021) تۆمارکراوە و لەسەری نوسیوە، "بەبۆنەی ساڵی نوێوە بڵندگۆی مزگەوتەکان گۆرانی دەڵێن."

 

لە ڤیدیۆکەدا هاووڵاتییەکی دەردەکەوێت و سەرسامی خۆی بەو کارە دەردەبڕێت و دەڵێت، "جەژنێکی خۆشە مزگەوتەکە گۆرانی میللی ئەمازیغ لێدەدات."

 

یەکێک لەو کەسانەی کۆمێنتی لەسەر ڤیدیۆکە نوسیوە و ڕەخنەی لەو کارە گرتووە، دەڵێت، "تەنانەت داگیرکەر نەیوێراوە ئەو کارە بکات."