ناس کورد-
ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 تاوتوێ دەکات و مەسرور بارزانیش دەڵێت، حکومەت هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان.
بۆ وەرگرتنی هەموو هەواڵ و بەپەلەکان، بچۆ کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام
ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و لە ڕاگەیەنراوێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (12ی کانونی دووەمی 2021) دەڵێت، "گفتوگۆ دەربارەی دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پرۆسە چاکسازی کرا."
دەشڵێت، "هەریەک لە وەزیرانی دارایی و ئابوری ئاوات شێخ جەناب و پلاندان دارا ڕەشید ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی و ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 خستەڕوو."
ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە مەسرور بارزانی وتوویەتی، "حکومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ لە پێناو ڕێکخستنەوەی داهاتەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕێکخستنەوەی میلاک و دەرھێنانی ناوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناڕەوا سوودمەندبوون لە بودجە گشتی، بۆ ئەوەی ماف و شایستەی دارایی مووچەخۆری شایستە دەستەبەر بکرێت، سەرەڕای کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ڕووتین لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان."
جەختیشی لەوە کردەوە کە "پێویستە لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 ، هەموو ئەگەرەکان لە بەرچاو بگیرێت و بودجەیەکی واقیعی و شەفاف بێت و پشت بە ژمارە و داتا و داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجی ڕاستەقینە و کورتھێنان و دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان ببەستێت کە لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران، دەخرێتە بەردەم پەرلەمانی کوردستان و ئەم بودجەیە دەبێتە هۆی برەودانی زیاتر بە شەفافیەت لە دارایی گشتی ھەرێم."
سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە کە "هەرێمی کوردستان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ، بۆیە دەبێ دەسەڵاتی فیدراڵیش ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2021 دابین بکات."