گه‌ڕان

Shadow Shadow

ئایا ترەمپ لێپرسینەوەی لێ دەكرێت؟

2021.01.12 - 16:43

لوقمان حاجی قادر

ناس بیروڕا-

دوای ڕووداوی هێرشكردنە سەر كۆنگرێسی ئەمریكا لە لایەن لایەنگرانی ترەمپەوە لە 6 ی یەنایەری 2021 كە چاودێران بە ڕۆژە ڕەشەكەی دیموكراسییەتی ئەمریكای لەقەڵەم دەدەن، دەنگێك لەنێو كۆمەڵگا و دامودەزگا فەرمییەكانی ئەمریكا و تەنانەت پراتی كۆماریش بەرزبۆتەوە و داوای لێپرسینەوە یان لەكارخستنی ترەمپ دەكەن، بەو پێیەی كەسێكی مەترسیدارە و دوور نییە لە دوا ڕۆژەكانی حوكمڕانییەكەیدا، چ لە ناو ئەمریكا و چ لە دەرەوەی ئەمریكا، گۆبەندێك بنێتەوە و تەنگژەیەك بخوڵقێنێت، ئەمە جگە لەوەی پێیان وایە تڕەمپ شكۆی دیموكراسی ئەمریكای شكاندووە و نابێت ئەو كارە بێ سزا تێپەڕێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەم سۆنگەیەوە دیموكراتەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژە یاسایەكیان بۆ لێپرسینەوە لە تڕەمپ لە كۆنگرێس ئامادە كردووە، ئاراستەیەكی دیكەش هەیە ئارەزووی ئەوە دەكەن تڕەمپ لەكاربخرێت.


پڕۆسەی لێپرسینەوەكە بە دوو میكانیزم مەیسەر دەبێت؛ یان بە دادگاییكردنێكی ڕووبەڕوو لە كۆنگرێس (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران) یان بە كاراكردنی بەندی 25 ی دەستوری ئەمریكی.
بە پێ میكانیزمی یەكەم دەبێت پڕۆژە یاسایەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ لێپرسینەوە لە سەرۆك پێشكەش بكرێت، ئینجا بە دەنگی زۆرینەی سادە پەسەند بكرێت و ئاراستەی ئەنجومەنی پیران بكرێت، لەوێش دەبێت بە 2/3 ی دەنگی ئەندامان پەسەند بكرێت و تڕەمپ بە یەكجاری لەكاربخرێت.


میكانیزمی دووەمیش بە گوێرەی هەمواری پازدەیەمینی دەستور ساڵی 1967، بڕگەی 4 ی بەندی 25 دەستوری ئەمریكییە كە ڕێگە بە جێگری سەرۆك و زۆرینەی گەورە بەرپرسانی حكومەت دەدا بە تۆمەتی باش جێبەجێنەكردنی ئەركەكانی سەرۆك لەكاربخەن، ئەوان نووسراوێكی دەستنووس ئاراستەی كۆنگرێس دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرۆك دەستەوەستانە لە ئەنجامدانی ئەركەكانی، ئەگەر كۆنگرێس بە هەردوو باڵەكەیەوە و بە زۆرینەی 2/3 ی ئەندامانی ئەو داوایەی پەسەند كرد، ئەو كات سەرۆك لەكاردەخرێت و دەسەڵاتەكانی ڕادەستی جێگرەكەی دەكرێت.


زۆرینەی چاودێران ئەگەری لەكارخستنی تڕەمپ یان لێپرسینەوەی بەدوور دەزانن، پێیان وایە ئەو هەنگاوە لە ئێستادا زۆر پێویست نییە، چونكە توندوتیژی لێدەكەوێتەوە و لێكەوتەكانی نەرێنی دەبن بۆسەر دۆخی ناوخۆی ئەمریكا، ئەمیش لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:


یەكەم/ تڕەمپ دەستەوەستان و بێ پشتیوانە
تڕەمپ خۆی دایشكاندووە و لە دوا لێدوانیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە دەسەڵات ڕادەستی بایدن دەكات، تەنانەت ئەوانەشی بە ئاژاوەگێڕ لە قەڵەم دان كە هێرشیان كردەسەر كۆنگرێسی ئەمریكا، لەولاشەوە دەزانێت كە ئەندامانی پارتەكەی دەستبەرداری پشتیوانیكردنی بوون و بەشێكیان دەستبەرداری پۆستە حكومییەكانیان بوون و بەشێكی دیكەشیان بە ئاشكرا داوای جڵەوگیركردنی تڕەمپ دەكەن، كۆمارییەكان ترسی ئەویان هەیە تڕەمپ زیانی زیاتر بە پارتەكەیان بگەیەنێت، بۆیە زۆرینەیان پشتیان تێكردووە.


دووەم/ ترس لە بنكە جەماوەرییەكەی تڕەمپ
نزیكەی 75 ملیۆن كەس دەنگیان بە ترەمپ داوە، ئەمانە باوەڕیان بە سیاسەتەكانی تڕەمپ هەیە، ژمارەشیان نزیكەی نیوەی دەنگدەرانی ئەمریكا، بۆیە لە ئەگەری لەكارخستنی تڕەمپ، مەترسی ئەوە هەیە دەنگدەر و هەوادارانی پشێوی و ئاژاوە بنێنەوە و ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە و نائارامی و توندوتیژی بخوڵقێنن.


سێیەم/ مامەڵەی بەرپرسانەی ئیدارەكەی بایدن و دیموكراتەكان لەگەڵ دۆخەكە
ئیدارەكەی جۆ بایدن بە ووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكەن و نایەنەوێت دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت، بەوپێیەی ئاڵۆزبوونی زیاتری ئەو پرسە ئاشتی و ئاسایشی وڵات دەخاتە مەترسییەوە، تا ڕادەیەكی باشیش لەوە دڵنیان كە تڕەمپ بە تەواوی لەوە بێ ئومێد بووە كە نە لەناو حزبەكەی و نە لە ناو جەماوەرەكەی پشتیوانییەكی ئەوتۆی لێ ناكرێت، بۆیە بوێری ئەوەی نابێت تەنگژەی دیكە بخوڵقێنێت، لەم سۆنگەیەوە ئیدارەكەی بایدن وای دەبینن لێگەڕێن ئەو چەند ڕۆژەی حوكمڕانی تڕەمپ بە ئارامی تێپەرێت، تاوكو پشێوی زیاتر دروست نەبێت، ئەوان وای دەبینن كە دەبێت بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە بكەن و بیر لە سارێژكردنی برینەكانی ئەمریكا بكەنەوە نەوەك تۆڵەكردنەوە لە تڕەمپ.


چوارەم/ كەمی كات و ئاڵۆزی ڕێوشوێنە یاساییەكانی لێپرسینەوە
ئەم پڕۆسەیە كاتی دەوێت و ماوەی سەرۆكایەتی تڕەمپیش هێندەی نەماوە و لە 20 یەنایەری ئەم مانگە تەواو دەبێت، بۆیە لەو ماوە كورتەدا ئاسان نییە ئەو ڕێوشوێنانە پەیڕەو بكرێن و بگەنە ئامانج، بۆیە ئەگەر پڕۆسەكەس دەستپێكرد بریاردان لەسەری دەكەوێتە دوای كۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆكایەتی تڕەمپ، ئەمە جگە لەوەی لەكارخستنی ترەمپ لە كۆنگرێس پێویستی بە 2/3 دەنگی ئامادەبووان هەیە كە دیموكراتەكان خاوەنی ئەو ڕێژەیە نین لە ئەنجومەنەكەدا.


لە مانەی سەرەوە مەزەندەی ئەوە دەكرێت تڕەمپ ماوە یاساییەكەی خۆی لە سەرۆكایەتی تەواو بكات، ئەم سیناریۆیە لەوانی دیكە نزیكترە، بەڵام بەو مەرجەی هیچ گرفتێكی دیكە دروست نەكات، سەرباری ئەوەش، ئەگەر ئەوە هەیە لە دوای ڕادەستكردنی دەسەڵات بە جۆ بایدن، تووشی گرفت و ئاستەنگی یاسایی و دادگاییكردن ببێتەوە كە لەوانەیە ناتوانێت بە ئاسانی لێیان دەرچێت، ئەمەش نیەت و نیازی دیموكراتەكان، چونكە مەبەستییانە هەم باجی یاساشكێنی بە تڕەمپ بدەن و هەمیش نەتوانێ دوای 4 ساڵی دیكە خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا بەربژێر بكات.


ماوەتەوە بڵیین دەكرێت تڕەمپ دەستلەكاربكێشێتەوە، چاودێران ئەم ئەگەرە بەدوور دەزانن، كۆتا بژاردەشی دەركردنی لێبووردنی تایبەتە بۆ خۆی، چاودێران ئەم بژاردەیەش بە دوور دەزانن، چونكە پێشتر ڕووی نەداوە، خۆ ئەگەر تڕەمپ ئەوەش بكات، سەخت و ئەستەمە كۆنگرێس و دەزگا دادوەرییەكانی ئەمریكا بەو هەنگاوە ڕازی بن، چونكە دەبێتە پێشینەیەكی خراپ بۆ سەرۆكەكانی دوای خۆی و هانیان دەدات تاوان ئەنجام بدەن و دژی بەرژەوەندی گشتی وڵات كار بكەن و لە كۆتایشدا بڕیاری لێبووردن بۆ خۆیان دەربكەن.