ناس کورد-
وەزارەتى بازرگانى عێراق رایگەیاند، یەکلاییکردنەوەى دۆسیەى شایستە داراییەکانى ساڵانى رابردووى جوتیاران لەناویاندا جوتیارانى هەرێمى کوردستان نزیکە دواى وەرگرتنى رەزامەندى لەو بارەیەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەیاننامەیەکى وەزارەتى بازرگانى کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەى عەلا جبورى وەزیرى بازرگانى لەگەڵ شاندێکى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم، تاوتوێی چەند پرسێکى هاوبەش کراوە، کە گرنگترینیان شایستەى دارایی جوتیارانى هەرێمە.
وەزیرى بازرگانى لەکۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، هەوڵەکانى وەزارەت بەردەوامە بۆ پێدانى شایستەى دارایی جوتیاران و بەشێک لەو شایستەیەیان پێدراوە.
وتیشى لەئێستادا سەرقاڵى ئەوەن پارەى زیاتر تەرخان بکرێت تا بدرێت بە جوتیاران، بەتایبەتى شایستەى دارایی ساڵانى رابردوو کە یەکلاییکردنەوەى ئەو پرسە نزیکبووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوولا رێکەوتوون لەسەر چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
چەند ساڵێکە دواکەوتنى پارەى گەنمى جوتیارانى هەرێمى کوردستان نارەزایەتى جوتیارانى لێکەوتۆتەوە و بەو هۆیەوە بەشێک لە جوتیاران گەنمەکانیان رادەستى سایلۆکان ناکەن و لە بازاردا دەیفرۆشنەوە.
تا ئیستا بەچەند قۆناغێک پارەى گەنمى جوتیاران رەوانەى هەرێم کراوە، بەڵام هێشتا جوتیاران پارەى ساڵانى رابردوویان پێنەدراوە.
کۆتایی اڵى رابردوو حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە خەرجکردنی گوژمەی چوارەمی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەریمی کوردستان دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەمە گوژمەی پێنجەمیش ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت".
نەوزاد کامل بەرێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (29ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە بە خەرجکردنی 200 ملیاری پارەی گەنمی جوتیاران بۆ سالی 2020 و بۆ ئەوەش بڕی 11 ملیارو 739 ملیۆنی بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە وەکو گوژمەی چوارەمی پارەی گەنمی جوتیاران و دوای کۆتایی هاتنی پشووەکانی سەری ساڵ ڕێککارە کارگێڕییەکان لەوبارەیەوە دەگیرێتەبەر و دواتر پارەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەوەشی وت، "ئەم بڕە پارەیەی ڕەوانە دەکرێت گوژمەی چوارەمی پارەی گەنمی جوتیارانە بۆ ساڵی 2020 و چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەمەش ڕاستەوخۆ گوژمەی پێنجەمی پارەی گەنمی جوتیاران خەرج بکرێت".