گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕەکەى پەرلەمان تاوتوێ دەکرێت

پارتى و نەوەى نوێ سکاڵایان لەیەکتر نییە

2021.01.11 - 22:00
پارتى و نەوەى نوێ سکاڵایان لەیەکتر نییە

ناس کورد-

سبەینێ سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان و فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە و تاوتوێی نزیکبوونەوەى فراکیسیۆنەکان و شەڕەکەى هەردوو فراکسیۆنى پارتى و نەوەى نوێ دەکەن هەرچەندە هیچیان سکاڵایان تۆمارنەکردووە.

 

شەڕەکە لە دانیشتنى چوارشەممەى رابردووى پەرلەماندا روویدا، کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە کەمال ئەتروشى بۆ وەزیرى نوێی سامانە سروشتییەکان، کە پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ تێیدا برینداربوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان (11ی کانونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆدەبنەوە بۆ قسەکردن لەسەر چەند پرسێک بەتایبەت ئەو ڕووداوەی لە دانیشتنی ڕۆژی چوار شەممەدا ڕویداو لەلایەن فراکسیۆن "نەوەی نوێ" وە باس لەوەکرا فراکسیۆنی پارتی هێرشیان کردوونەتە سەر. 

 

وتیشى، "تائێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە، بەپێی بەڵگەکانیش بێت ئەگەر فراکسیۆنی نەوەی نوێ سکاڵا تۆمار بکەن ئەوا لەزیانی خۆیانە، چونکە ئەوان ئامادەییان دەربڕیوە بۆ شەڕکردن و بە ڤیدیۆ و بە دەنگ هەیە کە دەڵێت، ئەگەر پیاوی وەرە پێشەوە". 

 

ئەوە دووەم گرژى و ئاڵۆزى نێوان پەرلەمانتارانى نەوەى نوێ و پارتى و یەکێتى بوو لەماوەى دوو مانگدا، دۆسیەى گرژییەکەى پێشوو کە پەیوەندى بە "هەڕەشەکردنەوە" هەبوو لە کازم فاروق سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ دواى پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە داخرا.

 

لەبارەی بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکەى سبەینێ، ناس کورد پەیوەندیکرد بە،  کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمان کوردستان بەڵام ئامادە نەبوو هیچ ڕونکردنەوەیەک بدات و وتی "کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان دەبێت و لەوێ هەڵوێستی خۆمان ئاشکرا دەکەین".

 

فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان هۆکارى شەڕەکەى چوارشەممەى رابردووى پەرلەمانى کوردستان دەخەنە ئەستۆى نەوەى نوێ، بەڵام هیچ سکاڵایەکیان تۆمارنەکردووە.

 

پێشەوا هەورامانى وتەبێژى فراکسیۆنى پارتى بە "ناس کورد" ى ڕاگەیاند، "ئەگەر بگاتە ئەوەى ئەوان سوربن ئێمە سکاڵا تۆماردەکەین، لەبەرئەوەى ڤیدیۆ و تۆمارى دەنگى هەیە، هەموو شتێک هەیە کە ئەوان دەستپێشخەربوون".

وتیشى، "سەرەڕاى ئەوە ئێمە داواى نزیکبوونەوەى هەموو لایەنەکان دەکەین، کۆبوونەوەى سبەینێش بۆ هەمان مەبەستە کە چۆن بتوانین پێکەوە کاربکەین لەجیاتى ئەوەى گرژی لەنێوانماندا بێت".