گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای زیادکردنی باج

ئەگەری دووبارە زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل لە هەرێم

2021.01.11 - 21:15
ئەگەری دووبارە زیادکردنی نرخی کارتی مۆبایل لە هەرێم

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە حکومەت دڵنیایی کردوونەتەوە کە سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیی ڕەنگدانەوەی نەرێنی نابێت لەسەر هاوڵاتییان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمپانیا ئاسیا سێڵیش دەڵێت "تائێستا وردەکاریی ئەو بڕیارەیان پێ نەگەیشتووە."

 

ئەمڕۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان 11 بڕیارى بە مەبەستى ڕێکخستنى سیستمى کۆکردنەوەى باج و رسومات دەرکرد، کە یەکێکیان تایبەتە بە کۆمپانیاکانى پەیوەندى و ئینتەرنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ( 11ی کانوونی دووەمی 2021) تایبەت بە "ناس کورد"ڕاگەیاند، "لە لایەن حکومەتەوە دڵنیاکراوینەتەوە کە سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکانی کۆڕەک و ئاسیاسێڵ بەهیچ شێوەیەک کاریگەری نابێت لە سەر بەرزبوونەوەی نرخی کارتی پڕکردنەوە".

 

وتیشی، "نابێت سەپاندنی باج ببێتە هۆکاری بارگرانی زیاتر بۆ سەر شانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەموو کارێک لەچوارچێوەی یاساکاندا بکرێت پشتگیری لێی دەکەین بە پێچەوانەوە دژی ڕادەوەستینەوە".

 

بەپێی بڕیارەکانى حکومەت، کۆمپانیاکانى بوارى ئینتەرنێت پابەند دەکرێن بە پێدانى باجى فرۆشراوەکان بەڕێژەى 20%. هەروەها کۆمپانیاکانى بوارى پەیوەندى پابەند دەکرێن بە پێدانى باجى فرۆشراوەکان بەبێ ئەوەى رێژەکەى دیاریکرابێت.

 

زیاتر بخوێنەوە: یاساناسێک شیکردنەوە بۆ بڕیارەکانى سەپاندنى باج دەکات

 

عەبدوڵا حەسەن، بەرپرسی ڕاگەیاندنی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ، بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمە تائێستا ئاگاداری وردەکاریی و ناوەڕۆکی بڕیارەکەی حکومەت نین  لەبارەی سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن".

 

وتیشى "هەرکات بەتەواوەتی ئاشنا بووین بە وردەکارییەکانی ئەو بڕیارە، هەڵوێستی خۆمان بۆ بەشداربووان و هاووڵاتیان دەخەینەڕوو".

 

زیاتر بخوێنەوە: یەکەم ڕەتکردنەوەى پەرلەمانی بۆ باج خستنەسەر ئۆتۆمبێلی تایبەت