گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەسەڵاتى سەرۆک نەک دەنگدان’’

هەڵوێستى پەرلەمان لەبارەى هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد

2021.01.11 - 20:10
هەڵوێستى پەرلەمان لەبارەى هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد

ناس کورد - کاروان مەحمود 

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هەڵگرتنى پارێزبەندى لە ئێستادا پێویستى بەدەنگدان نییە و لە دەسەڵاتى سەرۆکى پەرلەماندایە، بەڵام تا عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد خۆیان ڕازى نەبن ڕەوانەى دادگایان ناکەن.

 

ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح و دابان محەمەد پەرلەمانتارانى فراکسیۆنى گۆڕان ڕایانگەیاند، لەسەر سکاڵای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی باشماخ، دادگای لێکۆڵینەوەی پێنجوێن داوای لابردنی پارێزبەندی لەسەر کردوون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (11ی کانونی دووەمی 2021)  وتی، "وەکو سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کاتی داواکاری بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارێک پێشتر ڕاویژی لەگەڵ دەکەین کە ئایا خۆی ڕەزامەندە لەسەر لابردنی پارێز بەندییەکە یاخود نا".

 

وتیشى، "زۆرکات پەرلەمانتاران لە پەیجەکان و لێدوانەکانیاندا بێمنەتی خۆیان دەردەبڕن بەوەی بچنە بەردەم دادگا، بەڵام ئێمە پرسیان پێدەکەین ئەگەر ڕەزامەندیدا لەوەی بچیتە بەردەم دادگا ئەوکات پارێز بەندی لەسەر لادەبرێت".

 

بەپێی ماددەى 24ى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، ئەندامى پەرلەمان لەرۆژى سوێندخواردنییەوە پارێزبەندى هەیە و نابێت راوەدو بنرێت و دەستگیربکرێت و ماڵەکەى بپشکنرێت، بەبێ مۆڵەتى پەرلەمان، تەنها لەحاڵەتێکدا نەبێت کە تاوانى بینراوى ئەنجام دابێت.

 

هەر بەپێی ئەو ماددەیە، هەڵگرتنى مافى پارێزبەندى پێویستى بە دەنگى زۆرینەى ئامادەبووانى دانیشتنى پەرلەمانە و لەدەرەوەى وەرزى یاسادانانیش بڕیار لەدەست دەستەى سەرۆکایەتیدایە.

 

سەرچاوەکەى سەرۆکایەتى پەرلەمان وتى، "لە ئێستادا کە لە پشوودان، دەسەڵات لە دەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆ لابردنی پارێز بەندی و پێویستی بە دەنگی پەرلەمانتاران نییە، خۆ ئەگەر ئەو پەرلەمانتارە ڕەزامەند نەبوو بەلابردنی پارێزبەندییەکەی بەوەی دادگا سەربەخۆ نییە یاخود مەترسی هەبێت، ئەوکات ئێمە بەنوسراو وەڵامی دادگا دەدەینەوە بەوەی پارێزبەندییەکە هەڵناگرین لەسەر پەرلەمانتارەکە".

 

سەرچاوەکە نیگەرانی دەربڕی کە نوسراوەکە دراوەتە ئەو دوو پەرلەمانتارە تا بۆچوونیان وەربگرن بەوەی ڕەزامەندن یاخود نا، بەڵام پێش ئەوەی وەڵامی سەرۆکایەتی پەرلەمان بدەنەوە نوسراوەکەیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە.

 

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى

 

لەم خولەى پەرلەمانى کوردستاندا تەنها پارێزبەندى لەیەک پەرلەمانتار وەرگیراوە، کە سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵ بوو، ئەوەش لەسەر بنەماى سکاڵایەک کە مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەت لەسەرى تۆمارکردبوو.

 

تا ئێستا دیار نییە پەرلەمانى کوردستان بڕیارى چیدەدات لەبارەى هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر عەلى حەمەساڵح و دابان محەمەد، لەکاتێکدا هەردوکیان بێمنەتى خۆیان نیشانداوە و دەڵێن ئامادەن بچنە بەردەم دادگا.

 

بەڵام سەرچاوەکە دەڵێت، "ئێمە کار بەنوسراوی پەیجەکانیان ناکەین و داوامان کردووە خۆیان وەڵاممان بدەنەوە و تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە، بەڵام نەدەبوو ئەو نوسراوەیان بڵاوبکردایەتەوە پێش ئەوەی وەڵامی ئێمە بدەنەوە".

 

رونیشیکردەوە، "ئێمە سەرۆکی فراکسیۆنەکەمان ئاگادار کردووەتەوەو ئەوانیش لە ڕێگەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانەوە داوای نوسراوەکەیان کردووەو پێش ئەوەی وەڵاممان بدەنەوە چوون نوسراوەکەیان بڵاو کردووەتەوە".