گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەوانی كەلار لەسەر پێدانی زەوییە 20 ملیۆن دۆلارییەكە ڕوونكردنەوە دەدات

2019.05.23 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon
شارەوانی كەلار لەسەر پێدانی زەوییە 20 ملیۆن دۆلارییەكە ڕوونكردنەوە دەدات

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- سەرۆكایەتی شارەوانی كەلار لەسەر پێدانی زەوییەكی 20 ملیۆن دۆلاری بە بازرگانێك بەبێ‌ ئەوەی بخرێتە زیادكردنەوە ڕوونكردنەوە دەدات و رەتیدەكاتەوە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەو كارە كرابێت و ئاماژە بەوە دەكەن "خۆیان زەوییەكەیان بەو كەسە داوە". . لە چەند ڕۆژی رابردوودا پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، رایانگەیاند "لە ناوەراستی شاری كەلار زەویەك دراوەتە كەسێك بە بریاری جێگری سەرۆكی حكومەت‌، كە نرخەكەی بە نزیكەی 20 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت". . لەو بارەیەوە شارەوانی كەلار لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە "ئەو وەبەرهێنەرە مۆڵەتی فەرمی وەبەرهێنانی هەیە و دوور و نزیك پەیوەندی بە جێگری سەرۆكی حكومەتەوە نییە و كاری شارەوانی كەلارە كە زەوی بۆ دابین بكات بەپێی یاسای وەبەرهێنان، هەروەك چۆن لە تەنیشتی ئەو پرۆژەیەی كە ئەوان باسی دەكەن شارەوانی كەلار لە پێشوودا زەوی بۆ سێ پرۆژەی دیكەی وەبەرهێنان تەرخانكردووە". . سەرۆكایەتی شارەوانی كەلار ڕەتیكردووەتەوە كە ئاگایان لەو پڕۆژەیە نەبێت و ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت كە سەردانی شارەوانی كەلاری كردووە و شارەوانی وتویەتی زانیاری لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە نییە، ئەو قسانە دوورە لە راستیەوە، ئەو بەڕێزە نە پەیوەندی بە سەرۆكی شارەوانی كەلارەوە كردوە و نە سەردانی شارەوانی كەلاری كردوە بۆ بەدواداچونی ئەو پڕۆژەیە. . جەختیشیكردووەتەوە، رێگە بە هیچ كەس و لایەنێك نادەن لەسەر حسابی شارەوانی كەلار و شاری كەلار خۆی بنوێنێت و موزایەدە بە ناوی شارەكەیانەوە بكات، هەر بۆیە هەر كەس و وەبەرهێنەرێك پرۆژەی شایستە و مۆڵەتی یاسایی هەبێت و رێكاری یاسایی تەواو كردبێت ئەوان كار ئاسانی بۆ دەكەن لە پێناو جوانكردنی شاری كەلار و بەرەو پێشبردنی شارەكەیان. .