گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆپیشاندانەکانی هەرێم

راپۆرتێكی ئیماراتی: دوو بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە لەپاش خۆپیشاندانەكان

2021.01.11 - 13:32
راپۆرتێكی ئیماراتی: دوو بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە لەپاش خۆپیشاندانەكان

ناس کورد-

سەنتەری ئیمارات بۆ پۆلەتیك بڵاویكردەوە، دوو بژاردە لەبەردەم هەرێمی كوردستاندا هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەكانی خەڵك و دەڵێت، هێزە سوننەكان خۆیان دەپارێزن لە بەشداریكردن لە  تێوەگلان لەكێشەكانی هەولێر و بەغدا لە ترسی بەرژەوەندییەكانیان.

 

سەنتەرەكە "EPC" لە شیكارێكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (11 كانونی دووەمی 2021) باس لەوە دەكات، خەڵكی سلێمانی پەراوێزێك ئازادییان هەیە لەچاو "گوشاری ئەمنی پارتی لە هەولێر و دهۆك"، بەشێكی هۆكاری قەیرانە سیاسییەكانی هەرێمیش بەدگومانی و تۆمەتەكانی سەركردەكانی ناو یەكێتی و گۆڕان و نەوەی نوێیە بۆ پارتی كە لەپشت شكستپێهێنانی دانوستانەكانە لەگەڵ بەغدا.

 

لەبارەی بارودۆخی بەغداشەوە راپۆرتە ئیماراتییەكە باس لەوە دەكات سوننەكان هەوڵ دەدەن دەربارەی هەرێمی كوردستان بۆچوونەكانیان تەریب بێت لەگەڵ هاوپەیمانێتییەكانی ئێستا و داهاتوویان و دەترسن هەڵوێستەكانیان بەهەرلایەكدا زیانیان لێ بدات، بەڵام شیعەكان هەوڵ دەدەن خۆپیشاندانی ناوخۆیی هەرێم بقۆزنەوە بۆ ملكەچكردنی بۆ مەرجەكانی بەغدا و هەر لەبەر ئەمەش پشتیوانی لێ دەكەن.

 

راپۆرتەكە جەخت لەوەدەكاتەوە لەسایەی دۆخی خراپی ئابووری هەرێمدا، حكومەت دوو بژاردەی لەبەردەستە؛ ملكەچكردن بۆ مەرجەكانی حكومەتی ناوەندی یان بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی نوێ كە ئەگەر هەیە بگاتە ناوچەكانی بندەستی پارتی لە هەولێر و دهۆك، ئەمەش ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی هێندە قووڵ دەكاتەوە كە رەنگە بگاتە دابەشبوون.