ناس کورد-
سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 و بارودۆخی گشتیی وڵات و هەڵبژاردنی پێشوەختەیان تاووتوێ کرد.
شەوی ڕابردوو (یەکشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2021) مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و بارودۆخ و ئەو ئاڵەنگارییانەی کە لە قۆناغی ئێستادا ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە و ڕێگاکانی چارەسەرییان تاووتوێ کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی محەمەد حەلبوسی، لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی ڕەخساندنی کەشی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دابینکردنی پشتیوانیی تەواو بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی کارەکانی و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن .
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە کە ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوام بووە لە تەواوکردنی یاسادانان و بڕیاری پێویست تایبەت بە هەڵبژاردنەکان، لەوانەش هەموارکردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی .
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە بودجەی 2021ی عێراق کرا و جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەردەوامیی کاری هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی وڵات.