ناس کورد-
سبەینێ وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەگەر و پلانى نوێ بۆ دەستیپێکردنەوەى پڕۆسەى خوێندن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سەیوان فەرەج بریکارى وەزارەتى پەروەردە (یەکشەممە، 10ى کانوونى دووەمى 2021) بە "ناس کورد"ى راگەیاند، سبەینێ ئەنجومەنى وەزارەتى پەروەردە کە لە بەرێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرى پەروەردەى پارێزگاکان پێکهاتووە کۆدەبنەوە، بۆ تاوتوێکردنى پلانى وەزارەت لەبارەى دەستپێکردنەوەى خوێندنەوە.
وتیشى "ئێمە پلانى خۆمان هەیە و سبەینێ هەموو ئەگەرەکان تاوتوێ دەکەین، بەڵام بڕیارى دەستپێکردنەوەى خوێندن لەدەست وەزارەتى پەروەردەدا نییە، بەڵکو لەدەست لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنادایە".
حکومەتى هەرێمى کوردستان هەفتەى رابردوو بڕیاریدا راگرتنى دەستپێکردنەوەى خوێندن درێژبکاتەوە تا تا رۆژی (2021/1/16).
جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم هەفتەى رابردوو لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، وەزارەتى پەروەردە دوو پڕۆژەى ئامادەکردووە لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە و لەکۆبوونەوەى 16 یان 17ى ئەم مانگە لیژنەى باڵاى رووبەڕووبونەوەى کۆرۆنا گفتوگۆى لەسەر دەکات و دواتر دەدرێتە ئەنجومەنى وەزیران و بڕیارى لەبارەوە دەدرێت.
وتیشى "ناتوانین بڵیین ئەمساڵ خوێندن دەفەوتێت یان نا، بەڵکو لەسەر بڕیارى هەڵسەنگاندن و راسپاردەى وەزارەتى تەندروستى بڕیار دەدرێت".