گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پارتى دوو شاندى جیاواز دەنێرێتە بەغدا

2021.01.10 - 18:31
پارتى دوو شاندى جیاواز دەنێرێتە بەغدا

ناس کورد-

 

تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى ئاشکرایکرد، پارتى ئەمڕۆ شاندێکى ناردووەتە بەغدا و شاندێکى دیکەشى پێکهێناوە تا دواى قسەکردن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان بچێتە بەغدا.

 

بەپێی هەواڵێکى تەلەفزیۆنەکە (یەکشەممە، 10ى کانوونى دووەمى 2021) کە ناس کورد بینیویەتى، پارتى ئەمڕۆ شاندێکى ناردووەتە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پڕۆژەى بودجەى 2021 و هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنى.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، پارتى هەروەها شاندێکى دیکەى پێکهێناوە بەمەبەستى سەردانیکردنى لایەنە کوردستانییەکان و پێکهێنانى یەکڕیزى پێش ئەوەى سەردانى بەغدا بکات.

 

ئەحمەد کانى ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دەڵێت "ئامانج لەسەردانى شاندەکەیان بۆ بەغدا، قسەکردنە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و بۆ ئەوەى بگەنە رێککەوتن تا لە رێگەى نوێنەرەکانیانەوە لە پەرلەمان پڕۆژەى بودجە تێپەڕێنرێت".

 

بەپێی تەلەفزیۆنى پارتى، بڕیارە لەچەند کاتژمێرى داهاتوودا شاندەکەى پارتى سەردانى لایەنە کوردییەکان دەستپێبکات پێش ئەوەى بچێتە بەغدا.

 

جموجۆڵەکانى پارتى لەو بارەیەوە دواى رۆژێک دێت لەئەنجامدانى خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەى بودجەى 2021 ى عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە.

 

لە پڕۆژەکەدا، پشکی هەرێم بە %12.67 دیاریکراوە، بەمەرجی ڕادەستکردنی نەوت نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان، بەڵام دیار نییە ئەو بڕگەیە وەک خۆى تێدەپەڕێت یاخود نا.    

 

بلێسە جەبار فەرمان پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى "دوای خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەى بودجە لە پەرلەمان کوتلە عەرەبییەکان مەبدەئی زۆرینە و کەمینە بەرامبەر کورد بەکاردەهێنن لە پەرلەمان و تەوافق لەبەرچاو ناگرن".

  

دەشڵێت "باوەڕ ناکەم بەبێ رێککەوتنی سیاسی لەدەرەوەی پەرلەمان هیچ پێشنیارو دەنگی کوتلە کوردستانیەکان لەناو پەرلەمان بەجدی وەربگرن".