ناس كورد_
رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی بڵاویكردەوە كە فالح فەیاز یەكەم بەرپرسی عێراقییە بەپلەی وەزیر لەناو هەشت بەرپرسی شیعە و سوننە و مەسیحی كە بخرێنە لیستی سزاكانی ئەمەریكا و هێشتا هیچ بەرپرسێكی كوردی تێدا نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەرقولئەوسەت لە راپۆرتێكدا ئەمڕۆ (9 كانونی دووەمی 2021) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات ئەو بەرپرسە عێراقیانەی تا ئێستا خراونەتە لیستی سزاكان بریتین لە: ئەكرەم كەعبی سەركردەی بزوتنەوەی نوجەبا، وەعد قەدۆی فەرماندەی لیوای 30 حەشد، ڕەیان كلدانی فەرماندەی بابلیونی حەشد (مەسیحی)، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسایب، لەیس خەزعەلی برای، ئەبو زەینەبی لامی بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشد.
لەناو سوننەكانیش سزاكان خەمیس خەنجەری سەرۆكی پرۆژەی عەرەبی و ئەحمەد جبوری (ئەبومازن) ی سەركردەی سوننەی لە سەلاحەدین، كۆتا بەرپرسی عێراقییش كە خرابێتە لیستی سزاكانی ئەمەریكاوە فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبییە كە پلەكەی وەزیرەو هیچ لە سزادراوەكان كورد نین.
قاسم ئەلئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تویتێكدا داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانی فالح فەیاز دەكات بەو پێیەی بەرپرسێكی باڵای حكومییە و پلەكەی وەزیرە.
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی پیرۆزبایی لە فالح فەیازی سەرۆكی دەستەكە كرد بۆ "چوونە پاڵ خەڵكانی شەریف كە ئیدارەی ئەمەریكا بەدوژمنیان دەزانێت".
میدیای حەشدی شەعبی لە پەیامێكدا لە تویتەر كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (8 كانونی دووەم) بەبڵاوكردنەوەی وێنەیەكی فەیاز لەگەڵ ئەبو مەهدی كە شمشێریان ڕاكێشاوە لەگەڵ پیرۆزباییەك وەڵامی بڕیارەكەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكایان دایەوە.
راگەیاندنی حەشد پیرۆزبایی ئەوەیان لەفالح فەیاز كردووە كە چووەتە پاڵ " خەڵكانی شەریف كە ئیدارەی ئەمەریكا بەدوژمنیان دەزانێت" و بەهاشتاگی "سەركردەكانمان ئەمەریكایان تۆقاند" كۆتاییان بەپەیامەكە هێناوە.
وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا (هەینی 8ی کانونی دووەمی 2021) کە وێنەیەکى لای "ناس کورد" هەیە ئاماژەى بەوەکردووە "ئەندامانى هاوپەیمان لەگەڵ ئێران لە حەشدى شەعبى، هێرشیان کردووەتە سەر هاوڵاتیانى مەدەنى عێراقى کە خۆپیشاندانیان کردووە دژى گەندەڵى و بێکارى و خراپى دۆخى خزمەتگوزاریی و دەستوەردانى ئێران لە کاروبارى عێراق".
ئاماژەى بەوەشکردووە، "فالح فەیاز بەشێکە لەو شانەى قەیرانەى کە لە بنەڕەتدا لە سەرکردەکانى حەشدى شەعبى پێکهێنرا لەکۆتایی ساڵى 2019 بۆ سەرکوتکردنى ناڕەزاییەکانى عێراق بە پشتیوانى سوپاى پاسدارانى ئێرانى و فەیلەقى قودس".
ستیڤن منوچین وەزیرى گەنجینەى ئەمریکا دەڵێت "لەرێگەى فەرمانکردن بە کوشتنى خۆپیشاندەران و سەرپەرشتیکردنى ئەو پرۆسانە، چەکداران و سیاسەتمەدارانى هاوپەیمان لەگەڵ ئێران وەکو فالح فەیاز هەڵمەتێکى توندیان دژى دیموکراتیەت لە عێراق و کۆمەڵگەى مەدەنى ئەنجامداوە".
جەختیشیکردووەتەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە سزادانى ئەوانەى پیشێلکارى بەرانبەر مافەکانى مرۆڤ ئەنجام دەدەن لە عێراق کە ئامانجیان بێبەشکردنى گەلە لە دەربڕینى ناڕەزایی ئاشتیخوازانە و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرى و ریشەکێشکردنى گەندەڵى.
لە بەیاننامەکەدا فەیاز وەک "سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى" ناسێنراوە کە لە عێراق دروستکراوە بۆ ئەوەى گروپەکانى سەر بە حەشد بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵى حکومەتەوە.