گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

دۆلار لە داخستنى بازاڕدا بەرزبوویەوە 

2021.01.06 - 19:04
App store icon Play store icon Play store icon
دۆلار لە داخستنى بازاڕدا بەرزبوویەوە 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵۆگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی ڕایگەیاند، دۆلار لەکاتی داخستنی بازاڕدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە، بەجۆرێک 100 دۆلار 143.950دینار مامەڵەی پێوەکراوە، دەشڵێت، بەراورد بەساڵی ڕابردو پاوەن و یۆرۆ زۆر بەرزبوونەتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئارێز حاجی واحید، خاوەنی نوسینگەی لازیا بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی دراو لەبازاری دۆلارەکەی شاری سلێمانی (6ی کانوونی دووەمی 2021) بە"ناس کورد"ی ڕاگەیاند "دۆلار ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا هەڵبەز و دابەزێکی زۆری  کرد، 100 دۆلار بە  143.450 دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لەکاتی داخستنی بازاردا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دی".

 

وتیشی "لەکاتی داخستنی بازاردا 100 دۆلار بە 143.950 دینار مامەڵەی پێوە کرا، بوونی دۆلارێکی زۆر لەبازاردا وایکردووە نرخەکەی جێگیر نەبێت و نەگات بەو نرخەی کە بانکی ناوەندی پێی دەفرۆشێت کە ئەوەش 146 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێک".

 

حاجی واحید، ئاماژەی بەوەشکرد "تائێستا بانکی ناوەندی عێراق لەزیاندایە، بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دۆلارەی کەدەیخاتە بازارەوە دوبارە دەکڕێتەوە بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرزبێتەوە تابگاتە ئەو نرخەی کە خۆی دەستنیشانی کردووە، بەڵام ئەو پڕۆسەیە  ئاکامەکەی مانگێک زیاتر دەخایەنێت".

 

لەبارەی نرخی دراوەکانی دیکەوە، خاوەنی نوسینگەی لازیا وتی "بەشێوەیەکی بەرچاو و بەراورد بەساڵی ڕابردوو بەهای هەردوو دراوی یۆرۆ و پاوەن زۆر بەرزبوونەتەوە بەرانبەر بەدۆلار، بەجۆرێک لەئێستادا 100 یۆرۆ بەرانبەر بە 123 دۆلاری ئەمەریکی مامەڵەی پێوە دەکرێت و 100 پاوەنیش بە 136دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت".

 

بەبڕوای حاجی واحید، هۆکاری بەرزبوونەوەی یۆرۆ و پاوەن دەگەڕێتەوە بۆ بوژانەوەی ئابوریی ئەوروپا و بەریتانیا بە تایبەتی دوای دۆزینەوەی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆناو ئەو هاندانە ئابورییەی کە لە ئێستادا ئەوروپا لە ڕێگەیەوە پاڵپشتی ئابورییەکەی  خۆی دەکات".

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6ی کانوونی دووەمی 2021) لەکاتی کردنەوەى بازاڕی دراو لە هەرێمی کوردستان، نرخی دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەر دیناری عێراقى زیاتر دابەزی، بەجۆرێک 100 دۆلار بە 143 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەکرا.