ناس کورد-
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 81 پەرلەمانتار متمانەى بەخشی بە کەمال ئەتروشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، فراکسیۆنی گۆڕان بوون بە دوو بەشەوە و پێنج پەرلەمانتاری دەنگیان نەدا بە وەزیرەکەى پارتی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بەدواداچوونەکانی "ناس کورد" دەردەکەوێت کە هەریەکە لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی گۆڕان، عەلی حەمە ساڵح، دابان محەمەد، شیرین ئەمین، شایان عەسکەری و ئاشنا عەبدوڵا دەنگیان بە کاندیدەکەى پارتی نەداوە.
بەڵام گوڵستان سەعید، سەرۆکى فراکسیۆنەکە و جەلال محەمەد، ڕزگار محەمەد، گۆران عومەر، یاسین خدر، بەڵێن ئیسماعیل و شاخەوان ڕەئوف دەنگیان بە کاندیدەکەی پارتی داوە.
ئەو 81 پەرلەمانتارەی دەنگیان بە وەزیری سامانە سروشتییەکاندا، پێکهاتوون لە 45 پەرلەمانتاری پارتی، 17 پەرلەمانتاری یەکێتی، 7 پەرلەمانتاری گۆڕان، 11 پەرلەمانتاری پێکهاتەکان و یەک پەرلەمانتاری لیستی سەردەم.
پێش دانیشتنەکە، سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، سەرجەم پەرلەمانتارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەنگ بە کاندیدى پارتى بۆ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بدەن.
گوڵستان سەعید لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان (6ى کانوونى دووەمى 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "کاندیدى وەزیرى سامانە سروشتییەکان خاوەنى ئەزمونە و پسپۆڕە و بە گرنگى دەزانین گۆڕانکاریی لەو پۆستەدا بکرێت".
وتیشى، "سەرجەم پەرلەمانتارانى گۆڕان ئاگادارکراونەتەوە کە دەنگ بەو کاندیدە بدەن، ئەوەیشى دەنگى پێنەدات پابەندى گۆڕان و رێککەوتنى پارتى و گۆڕان نابێت".
گوڵستان سەعید باسى لەوەشکرد، ئێستا هەلێک هاتووەتە پێشەوە بۆ گۆڕانکاریی لە وەزیرى سامانە سروشتییەکان و ئەنجامدانى چاکسازیی.