ناس کورد-
سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، سەرجەم پەرلەمانتارەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەنگ بە کاندیدى پارتى بۆ وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
گوڵستان سەعید لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان (6ى کانوونى دووەمى 2021) کە "ناس کورد" بینیویەتى وتى "کاندیدى وەزیرى سامانە سروشتییەکان خاوەنى ئەزمونە و پسپۆڕە و بە گرنگى دەزانین گۆڕانکاریی لەو پۆستەدا بکرێت".
وتیشى "سەرجەم پەرلەمانتارانى گۆڕان ئاگادارکراونەتەوە کە دەنگ بەو کاندیدە بدەن، ئەوەیشى دەنگى پێنەدات پابەندى گۆڕان و رێککەوتنى پارتى و گۆڕان نابێت".
گوڵستان سەعید باسى لەوەشکرد، ئێستا هەلێک هاتووەتە پێشەوە بۆ گۆڕانکاریی لە وەزیرى سامانە سروشتییەکان و ئەنجامدانى چاکسازیی.
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانى کوردستان کۆبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر کەمال ئەتروشى کاندیدى پارتى بۆ وەزیرى سامانە سروشتییەکان، دواى ساڵ و نیوێک لە دەستبەرکاربوونى کابینەى نوێ و بەرێوەبردنى پۆستەکە لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتەوە.
بەپێدانى متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە، کەمال ئەتروشی، دەبێتە دووەمین وەزیرى سامانە سروشتییەکان لەمێژوى پێکهێنانى ئەو وەزارەتەدا لەساڵى 2005 ەوە تا ئێستا.
كهمال ئهتروشی لە یەکەمین لێدوانیدا لەدوای کاندیدکردنی بۆ میدیای فەرمی حزبەکەى کە "ناس کورد" بینیویەتی (5ی کانونی دووەمی 2020) وتى "وەزارەتەکە کارێکی زۆری دەوێت، دەمەوێت ئەزمونی 40 ساڵی خۆم لە بواری نەوت بەکاربهێنم بۆ خزمەتی میلەتی خۆمان و کوردستان."
دەشڵێت، "یەکەم کار دروستکردنی هەیکەلێکە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە ئاستێکی نێودەوڵەتی."
کەمال ئەتروشی وتیشی، هیوادارن "وهزارهتی سامانه سرووشتییهكان پێشبخهن، بۆ ئهم مهبهستهش كارێكی زۆری پێویسته، گرنگی به توانای ئەو گهنجانە دەدەین كه ئەندازیاری نەوتن و ئەزمونی بوارەکەیان هەیە."
بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد"، کەمال ئەتروشى ساڵى 1955 لەدایک بووە، خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە جیۆلۆجیا لە زانکۆى بەغدا ساڵى 1975، دواى تەواوکردنى خوێندن لە کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى عێراق کاریکردووە تا ساڵى 1985، دواتر چووەتە قەتەر و لە زانکۆى Université de Bordeaux1ى فەڕەنسى بڕوانامەى ماستەرى بەدەستهێناوە لە جیۆفیزیاى دۆزینەوەى نەوت لەساڵى 1987، هەر لەوێ بڕوانامەى دکتۆراشى بەدەستهێناوە.
ئەتروشى نزیکەى چوار دەیەیە لەبوارى جیۆفیزیاى نەوت کاردەکات، سەرەتا لە کۆمپانیاى Elf ى فەرەنسى لە خۆرئاواى ئەفریقا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەنێوان ساڵانى (1987-1999) کاریکردووە، دواتر چووە راوێژکارى ئاژانسى کەنەدى بۆ گەشەپێدانى پڕۆژەکان لە ئەفریقا.
ساڵى 2005 چووەتە کۆمپانیاى نەوتى کوەیت بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانى نەوت وەکو راوێژکار کاریکردووە، ساڵى 2012 بۆ ماوەیەک لە کۆمپانیاى بتروناسى مالیزى کاریکردووە، دواتر لەگەڵ کۆمپانیاى TOTAL ى فەرەنسى کاریکردووە.