ناس کورد-
یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان ڕایگەیاند، لەساڵی 2020دا زۆرترین مەلا و پیاوی ئاینیی لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کۆچی دواییان کردووە، هاوکات ساڵی ڕابردوو 947 حاڵەتى جیابوونەوە لەلایەن زانایانی ئاینیی ئەنجامدراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان لە كۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانیدا (5ی کانونی دووەمی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو هەزار وحەوت كێشەی خێزانی چارەسەرکراوە و 947 تەڵاق لەلایەن زانایانی ئاینییەوە ئەنجامدراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتی زانایان لەڕێگای ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە كوردستان 21 فەتوای گشتی دەركردووە بۆ هەموو كوردستان، 10 ڕوونكردنەوەی تایبەتی و شەرعی هەبووە، 76 پەیامی میدیایشیان ئاڕاستەی خەڵكی كوردستان كردووە.
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی لە كوردستان باسی لەوەشكرد، لەساڵی ڕابردوو 999 هاووڵاتی پرسیاری شەرعی تایبەتیان هەبووە و وەڵامیان دراوەتەوە، هاوكات 212 كێشەی عەشایری، 369 كێشەی میرات و زەوی و زار و 223 كێشەی مامەڵەی كڕین و فرۆشتن چارەسەر كراون".
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی ڕابردوو 94 مامۆستای ئاینیی کۆچی دواییان کردووە كە بەشێكیان بە كۆرۆنا بووە و بەشێکی ترشیان بەنەخۆشی تر كۆچی دواییان كردووە، هەروەها یەكێتی زانایان 15 توێژینەوەی زانستی و فیقهی پێشكەش کردووە.