ئەمینداری گشتی گروپی ئەتڵەسی پەرلەمانی پێشبینی دەكات لەپاش ئەوەی بایدن دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ تاران ئەوە بەكردەیی دەڕواتەدەرەوە لە عێراق و ئامرازیشی لەبەردەست نییە بچێتە وردەكاریی ناكۆكییە شوناسییەكانی پەیوەست بەفیدرالیزم.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد _
لە شیكارێكدا بۆ ئیندیپێندێنت كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (5 كانونی دووەمی 2020) توێژەری ئەمەریكی _ لوبنانی و كارمەندی پێشووی كەمپینی ترەمپ بۆ هەڵبژارنەكان وەلید فارس، ئەوە دەخاتەڕوو لەسایەی بارودۆخی دەوروبەری عێراقدا واشنتۆن ئەگەر نیازیشی هەبووبێت ئەوە لە باسكردن لەئەگەری دابەش بوون پاشەكشە دەكات و دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری پاڵپشتی كردنی فیدرالیزم كە لەدەستوردا هاتووە و جێگەی مشتومڕی بەغداو هەولێرە كە دووەمیان پایتەختی تاقە هەرێمە لەعێراق.
فارس باسی لەوەشكردووە ئەوكاتەی ئەمەریكییەكان دەستێوەردانیان دەكرد لە باڵانسی نەتەوەیی و پێكهاتەكان و مافەكانیان، سەردەمی داگیركاری ئەمەریكی بوو لە عێراق (2003_2004)، بەڵام لە 2021 دا ئەركی فەرمی ئەمەریكا بریتی دەبێت لە پاڵپشتیكردنی عێراق لە شەڕی داعش و ئەگەر عێراق و پێكهاتەكان داوای بەشداری ئەمەریكا نەكەن لە گفتوگۆی دەستوری ئەوە رۆڵی ئەمەریكا قەتیس دەبێت لە گفتوگۆ لەبارەی ئایندەی سوپاكەی لەعێراق و دیاری كردنی رۆڵ و ئەركیان لە قۆناغی داهاتوو.
توێژەرە ئەمەریكییەكە باس لەوەش دەكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لەباسكردنی مافی مرۆڤ، بەڵام بەقووڵی دەستێوەردان ناكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكان مەگەر بەلێكگەیشتن لەگەڵ تاران.
لەكۆتاییدا وەلید فارس پێشبینی ئەوە دەكات بایدن بگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی ئۆبامای پەیوەست بە رێككەوتنی ئەتۆمی و دەرەنجامەكەی لەسەر عێراق، واتە بەكردەیی ئەمەریكا لەعێراق دەچێتە دەرەوە ئەوكاتەی لەگەڵ ئێراندا دەگاتە رێككەوتن.