گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن ئاشکرابوو؟

چیرۆکى ئەو کچەی زڕباوکی دەستدرێژی کردەسەر

2021.01.05 - 14:04
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى ئەو کچەی زڕباوکی دەستدرێژی کردەسەر

ناس کورد-

 

"دایکم شووی کردووەتەوە، خوشک و براکانم هاوسەرگیرییان کردووە و لە ماڵی خۆیاندان،  تەنها من ماوم لای دایک و زڕباوکەکەم. زڕباوکم دەستدرێژی دەکاتە سەرم بە دەستلێدان و ڕەفتاری ناشرینی تر"، کچێکى تازە پێگەیشتوو بەو شێوەیە دەستیکرد بە گێڕانەوەى چیرۆکى تراژیدیاکەى بۆ پزیشکەکانى داد لە هەولێر.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

چیرۆکى ئەو کچە کە ناوى نەهێنراوە، لەزارى خۆیەوە لەلایەن دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن پسپۆری پزیشکیی دادوەری هەولێرەوە گێڕدراوەتەوە کە لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە و "ناس کورد" بینیویەتى.

 

وەک ئەو پزیشکە دەیگێڕێتەوە، کچەکە سەردانى کردوون بۆ دڵنیابوون لە پەردەی کچێنی و ئایا دەستدرێژی کراوەتە سەر یان نا؟، ئەوانیش  پشکنینیان بۆی کردووە و پشتڕاستیان کردەوە، کە بەڵگە هەیە بۆ بانگەشەکانی و دەتوانێت بەو ڕاپۆرتەى لە پزیشکیی دادوەری بچێتە ناو دادگا و داوای مافی خۆی بکات.

 

ئەو پزیشکە دەڵێت سەرەتا لە کچەکەى پرسی بۆ هاتووی بۆ پشکنین؟ "دەستی کرد بە گریان و وتی: نازانم! سەرەتا نەیدەویست قسە بکات و شەرمی دەکرد. دوای هێورکردنەوە، باسی ئەو ڕووداوەی کرد کە بەهۆیەوە هاتبوو بۆ پشکنین".

 

کچەکە وتویەتى "دایکم شووی کردووەتەوە، هەموو خوشک و براکانم هاوسەرگیرییان کردووە و لە ماڵی خۆیاندان،  تەنها من ماوم لای دایک و زڕباوکەکەم. زڕباوکم دەستدرێژی دەکاتە سەرم بە دەستلێدان و ڕەفتاری ناشرینی تر".

 

هەروەها بۆ پزیشکەکەى گێڕاوەتەوە کە دایکى لەبارەى ڕەفتارەکانی زڕباوکەکەیەوە ئاگادارکردووەتەوە "پێمی وت تۆ منداڵی و نازانی ئەو شتانە چییە، دەنگ مەکە هەرچی بکات. جارێک دایکم بەسەردا هات و کردیە دەنگە دەنگ و ماڵی بەجێهیشت و دواتر گەرایەوە".

 

"دواجار برا گەورەکەم هاتبوو بۆ ماڵمان، بەسەردا هات و گوێی لێ بوو زڕباوکم  پێم دەڵێ لەگەڵم وەرە ژووری سەرەوە! براکەم یەکسەر ڕاپێچمی کرد و چووینە دادگا و سکاڵای لەسەر زڕباوکم تۆمار کرد و وا ئیستا هاتووم بۆ پشکنین!".

 

ئەو پزیشکە دەڵێت ئەو رووداوە بۆ ئەوان وەکو پزیشکانی دادوەری رووداوێکی دەگمەن نییە  و زۆر  حاڵەتی لەو جۆرەیان بینیوە.

 

دەشڵێت لێرەدا دوو وانەی گرنگ هەیە بۆ کۆمەڵگە، گرنگە بە وردی گوێ بۆ گێرانەوەی منداڵ بگیرێت و ئەو شتانەی باسیان دەکات بە هەند وەربگیرێن، "نەک تەنیا بڵێین تۆ نازانیت ئەو کارانە چین و ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە پەردەپۆش بکەین!، ئەو خانمانەی دوای جیابوونەوە بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن، دەبێ پلانیان تەنها بۆ ژیانی تایبەتی خۆیان و پەیداکردنی هاوبەشی ژیان نەبێ، بەڵکو ئاییندەی مندالەکانیشیان لەبەرچاوبگرن".