گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەندێک لایەن ڕێگرن’’

بەشیر حەداد لەبارەى پشکی هەرێم: هیچ گەرەنتییەک نییە

2021.01.04 - 21:31
App store icon Play store icon Play store icon
بەشیر حەداد لەبارەى پشکی هەرێم: هیچ گەرەنتییەک نییە

ناس کورد-

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هەندێک لایەن کە نوێنەریان لەناو پەرلەمان هەیە کێشە دروست دەکەن بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ئەو رێککەوتنەی کردوویانە و "هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ پشکی هەرێم لە بودجەدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

بەشیر حەداد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم کە "ناس کورد" بینیویەتی (4ی کانونی دووەمی 2020) ڕایگەیاند، "حکومەت ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەت دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتنی کردووە لەسەر بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا، ڕێککەوتنەکە درێژەپێدەری ڕێککەوتنە کۆنەکەیە و ڕێژەکەشی لە ڕەشنووسی بودجەی 2021 نووسراوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە هەندێک لایەن کە نوێنەریان لەناو پەرلەمان هەیە کێشە دروست دەکەن بۆ هەردوو حکومەت لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی کردوویانە، کێشەکەی ئێمە لای حکومەتی عێراق نییە بەڵکو لای هەندێک لایەنی سیاسییە".

 

ڕاشیگەیاند، "ئێمە وەک پەرلەمانی عێراق لە هەوڵداین گفتوگۆیەک دروست بکەین لەنێوان لایەنە جیاوازەکان بە کورد و عەرەبه‌وه‌، بۆئەوەی ئەو کیشانەی له‌نێوانیاندا هەیە نەمێنێت، ئێستاش ئومێد دەکرێت شاندێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستانەوە بچێتە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان زۆر بەروون و ئاشکرا گفتوگۆ بکەن و ئومێد هەیە ئەوەی کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە دوای ئەو لێکتێگەیشتەنە بەباشی تێپەڕێت".


بەشیر حەداد وتیشی، "ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین هەماهەنگی لەنێوان هەموو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دروست بکەین بۆئەوەی لەو رێگایەوه‌ بتوانین بە تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنین".


دەربارەی ئەوەی تاوەکو چەند گەرەنتی هەیە ئەوەی لە پرۆژە یاسای بودجەدا نووسراوە تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان وەک خۆی جێبەجێبکرێت، بەشیر حەداد ئاشکرای کرد، "ئەمڕۆ عێراق لەبەر ئەوەی لەبارودۆخێکی ئەمنیی و سیاسیی و ئابووریی ناجێگیردایە ناتوانین بڵێین گەرەنتی هەیە کە بابەتەکە وەک خۆی تێپەڕبێت، بەدڵنیاییەوە ئەم پرۆژەیەسایە له‌نێو پەرلەماندا گفتوگۆی زۆر قوڵ و زەحمەتیشی لەسەر دەکرێت بەڵام ئێمە وەک نوێنەرانی کورد هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین شان بە شانی گفتوگۆ سیاسییەکان کە لایەنە سیاسییەکان دەیکەن، ئەو پرۆژە یاسایە وەک خۆی تێپەڕێت".

 

جەختی کردەوە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە و لە سەرەتای ساڵی 2019ەوە، وە لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بەفەرمی پابەندبوونی خۆی راگەیاندووە، ئەو شاندەش کە هاتە بەغدا بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، لای هه‌ریه‌ك له‌ حکومەت لایەنە سیاسییەکان و لای پەرلەمانیش بە فەرمی دووپاتی ئەوەیان کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە پابەندی هەموو پابەندییەکانی خۆی بێت کە دەستور لەسەری داناوە و لەبەرامبەریشدا حکوومەتی عێراق دەبێت پابەندی پابەندییەکانی خۆی بێت".