گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بڕیارى هەمەلایەنە’’

تەندروستى زانیارى لەسەر ڕاپۆرتەکەى لەبارەى کۆرۆنا و خوێندن ئاشکرادەکات

2021.01.04 - 20:30
App store icon Play store icon Play store icon
تەندروستى زانیارى لەسەر ڕاپۆرتەکەى لەبارەى کۆرۆنا و خوێندن ئاشکرادەکات

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان تەواوبوونى کارەکانى راپۆرتى تایبەت بە هەڵسەنگاندنى دۆخى کۆرۆناى ڕاگەیاند کە بەشێکى تایبەتە بە پڕۆسەى خوێندن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

بڕیارە حەوتى ئەم مانگە لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى  کۆرۆنا لە هەرێم کۆبێتەوە و لەسەر بنەماى راپۆرتەکەى تەندروستى بڕیار و رێنمایی نوێ دەربکات لەبارەى دۆخى کۆرۆنا، لەناویاندا بڕیاردان لەبارەى پڕۆسەى خوێندن.

 

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم (4ی کانونی  دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "راپۆرتى هەڵسەنگاندنەکە تەواو بووە و لەچەند رۆژى داهاتووشدا گفتوگۆى زیاترى لەسەر دەکرێت پێش ئەوەى رادەستى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بکرێت".

 

وتیشى، "هەڵسەنگاندنەکە هەموو بابەتێکى تێدایە لەسەر داخستنى قوتابخانەکان و کەمبوونەوەى ئامارى تایبەت بە کۆرۆنا و بڕیارى کۆتاییش هەمەلایەنە دەبێت".

 

لەبارەى ئەگەرى بڕیاردان لەبارەى کردنەوە یان دواخستنى زیاترى پڕۆسەى خوێندن، ئاسۆ حەوێزى باسى لەوەکرد، ئەگەرى بڕیاردان لەبارەى کردنەوە یان درێژکردنەوەى بڕیارى دواخستنى دەستپێکردنەوەى خوێندن وەک یەکە و دەگەڕێتەوە سەر بڕیارى لیژنەکە.

 

جەختیشیکردەوە، داخستنى قوتابخانەکان کاریگەرى زۆرى هەبووە لەسەر کەمکردنەوەى ئامارەکان، هەر بڕیارێکیش بدرێت لەو بارەیەوە مەبەست لێی هەموو ژیانى هاوڵاتییانە.

 

بەپێی بڕیارى پێشووى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى  کۆرۆنا لە هەرێم داخستنى قوتابخانەکان تاوەکو 10ی ئەم مانگە بەردەوامى دەبێت.   

 

لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى کۆبوونەوەى لیژنەکە، وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێم پەروەردەکانى ئاگادارکردووەتەوە ئامادەکاریی بکەن بۆ کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان.

 

دکتۆر سەیوان فەرەج بریکارى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان (3ی کانوونی  دووەمی 2021) بە "ناس کورد" ى راگەیاند، هەموو بەڕێوەبەرایەتیە گشتییەکان ئاگادار کراونەتەوە کە ئامادەکارى بکەن بۆ کردنەوەى خوێندنگەکان کە ئەویش ڕێکارە تەندروستیەکانى وەک پاکژکردنەوە و دەمامک و سەرجەم ڕێگاکانى تر.  

  

وتیشى، "نیازمان وایە هەندێک لە پرۆگرامەکانى خوێندن نەهێڵین بەتایبەتى ئەوانەى کە دوبارەن و کاریگەرى لەسەر قۆناغى دواتر دروست ناکەن، هەروەها پشوەکانیش کەمدەکرێنەوە".  

  

سەبارەت بە شێوازى خوێندن لەنێوان دەوامى ناو خوێندنگاکان و ئۆنلاین و ئەلکترۆنى بریکارەکەى وەزارەتى پەروەردە رونیکردەوە "ئێمە دەمانەوێت دەوامەکە ئاسایى بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر زانیمان ئەوە زیان بە خەڵک دەگەیەنێت و زیاتر دەبێتە هۆى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا ئەو کاتە دەیکەین بە دەوامى بە نۆرە وەک عێراق".  

  

تا ئێستا دیار نییە لیژنەى باڵاى کۆرۆنا بڕیارى چی دەدات لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە کە سێ مانگ لەوادەى خۆى دواکەوتووە.  

  

دکتۆر سەیوان وتى "بڕیار بەدەست ئێمە نییە و بابەتى کردنەوەى دەوام لە حاڵەتى بڵاوبونەوەى کۆرۆنا کاریگەرى لەسەر کۆى کۆمەڵگە دروست دەکات، ئێمە زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار خوێندکار و 170 هەزار مامۆستا و کارمەندمان هەیە و ئەمانە دایک و باوک و کەسوکاریان هەیە، بۆیە بڕیار بەدەست لیژنەى باڵاى بەرەنگاربونەوەى کۆرۆنایە و ئەوانیش پشت بە ڕاپۆرتێکى تێروتەسەلى وەزارەتى تەندروستى دەبەستن".