ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، پۆستی وەزیری سامان سروشتییەکان پشکی پارتییە و بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە نێوانیاندا هەیە دەنگ بە کاندیدکەیان دەدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
زیاد جەبار لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ( 4ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "ڕۆژی چوارشممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان سازدەکرێت و بڕیارە متمانە بە دکتۆر کەمال ئەترۆشی بدرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
وتیشی، "پۆستەکە پشکی پارتییە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەی کە لە نێوانماندا هەیە بڕیارمانداوە لە دانیشتنەکەدا دەنگ بە کاندیدەکەیان بدەین بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و هیچ تێبینییەکمانیش لەسەری نییە".
دوێنێ (3ی کانونی دووەمی 2021) جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا ئاشکرایکرد، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت د.کەمال ئەتروشی بۆ ئەو پۆستە کاندید کردوەو سیڤییەکەشی ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستان کراوە.
لە دەستپێكی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ كاندیدێكی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دیاری نەكرد، بەو هۆیەشەوە تائێستا ئەو پۆستە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى
بەپێدانى متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە، کەمال ئەتروشی، دەبێتە دووەمین وەزیرى سامانە سروشتییەکان لەمێژوى پێکهێنانى ئەو وەزارەتەدا لەساڵى 2005 ەوە تا ئێستا.
بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد"، کەمال ئەتروشى ساڵى 1955 لەدایک بووە، خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە جیۆلۆجیا لە زانکۆى بەغدا ساڵى 1975، دواى تەواوکردنى خوێندن لە کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى عێراق کاریکردووە تا ساڵى 1985، دواتر چووەتە قەتەر و لە زانکۆى Université de Bordeaux1ى فەڕەنسى بڕوانامەى ماستەرى بەدەستهێناوە لە جیۆفیزیاى دۆزینەوەى نەوت لەساڵى 1987، هەر لەوێ بڕوانامەى دکتۆراشى بەدەستهێناوە.
ئەتروشى نزیکەى چوار دەیەیە لەبوارى جیۆفیزیاى نەوت کاردەکات، سەرەتا لە کۆمپانیاى Elf ى فەرەنسى لە خۆرئاواى ئەفریقا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەنێوان ساڵانى (1987-1999) کاریکردووە، دواتر چووە راوێژکارى ئاژانسى کەنەدى بۆ گەشەپێدانى پڕۆژەکان لە ئەفریقا.
ساڵى 2005 چووەتە کۆمپانیاى نەوتى کوەیت بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانى نەوت وەکو راوێژکار کاریکردووە، ساڵى 2012 بۆ ماوەیەک لە کۆمپانیاى بتروناسى مالیزى کاریکردووە، دواتر لەگەڵ کۆمپانیاى TOTAL ى فەرەنسى کاریکردووە.