گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوێستی کورد

وادەی خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق ئاشکرا کرا

2021.01.04 - 16:25
App store icon Play store icon Play store icon
وادەی خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى عێراق ئاشکرا کرا

ناس کورد-
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بکرێت و بۆ ئەوەش ھەوڵ دەدەن ھەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی بودجەوە یەکھەڵوێست بن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (4ی کانونی یەکەمی 2021) ڕایگەیاندووە، "دوای گەیشتنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق بڕیارە ھەفتەی داھاتوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە بکرێت، کە پشکی کوردیشی تێدایە".


وتیشی، "وەکو فراکسیۆنی پارتی خۆمان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجە ئامادەکردووە و دەستپێشخەریمان کردووە و دەمانەوێت سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی ئەو پڕۆژەیاسایەوە یەکهەڵوێست بن، بۆ ئەوەی بتوانین پڕۆژە یاساکە لە بەرژەوەندیی کورد تێپەڕێنین".


پیشتر بەهۆی گەیشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق کە بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بکەوێتە پشوو، پشووەکەی ھەڵوەشاندەوە بۆ ئەوەی بتوانن دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە بکرێت و پەسەندی بکەن.

 

پێشتر بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمان لە سەرەتای مانگی کانونی دووەم دەست بە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021 دەکات.

 

بەشیر حەداد لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حکومەتی عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "لە پەرلەماندا گفتوگۆی چڕ دەکرێت بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەى خەرجییە ناپێویستەکان لە بودجەى 2021دا."

 

دەشڵێت، "ڕێکارەکانی یاسادانان بۆ پڕۆژەیاسای بودجە 20 بۆ 30 ڕۆژی پێدەچێت."