ناس کورد-
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دەیەوێت لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتن، لە هەمانكاتدا هەوڵدەدات كێشە داراییەكانی خۆی چارەسەر بكات، ئەوەش بە ڕێكخستنەوەی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات لە بودجەی 2021.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانوونی دووەمی 2021، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازی لە ڕۆب ۆڵەر، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێم، " لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە ڕێكکەوتنی نێوان هەرێمی و بەغدا كرا و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و باسی ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێکكەوتنەكە كرا. "
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزیری دارایی هەرێم ئاماژەی بەوەداوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێکكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدان و دەیانەوێت ببنە بەشێك لە چارەسەر نەك ببنە بەشێك لە كێشەكان، لە هەمانكاتدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات كێشە داراییەكانی خۆی چارەسەر بكات، ئەوەش بە ڕێكخستنەوەی كەمكردنەوەی خەرجی و زیادكردنی داهات لە بودجەی 2021.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، كونسوڵی گشتیی ئەمەریکا سەرەرای سوپاسگوزاری بۆ وەزیری دارایی و ئابوری جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتی ئەمەریكا پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، ئامادەن بە هەموو شێوەیەك هانی هەرێم و بەغدا بدەن بۆ ڕێکكەوتنی نێوان هەردوولا.
دوێنێ یەکشەممەش 3ی کانوونی دووەمی 2021، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا، لەڕێگای ئۆنلاینەوە لەگەڵ کۆنسڵی گشتیی ئەمریکا دیدارێکی ئەنجامدا و تیایدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و دوا هەنگاوەکانی دانوساندیان کرد، جگە لەوەی باسی دۆخی ناوچە دابڕێنراوەکان و بەتایبەت کەرکوک ومەترسییەکانی سیاسەتی بە عەرەب کردنی ئەو ناوچانەیان کرد.