گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’تەقینەوەى خەرجییەکان’

لیژنەى دارایی هەوڵى کەمکردنەوەى قەبارەى بودجە و کورتهێنان دەدات

2021.01.04 - 08:37
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی هەوڵى کەمکردنەوەى قەبارەى بودجە و کورتهێنان دەدات

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، بە درێژایى ساڵى پێشوو حکومەت 72 تریلیۆن دینارى خەرجکردووە بەڵام بودجەى ئەمساڵ بووە بە 164 ترلیۆن و هەوڵ دەدەن قەبارەى بودجەکە کەمبکەنەوە بۆ 120 تریلیۆن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

جەمال کۆچەر لە لێدوانێکدا کە "ناس کورد" بە دواداچونى بۆ کردووە (دووشەممە، 4ى کانونى دووەمى 2021) بۆ "مەدا پرێس" ئاماژەى بەوەکردووە "بودجەى ئەمساڵ بە کەمکردنەوەى خەرجى ناودەبرێت بەڵام لە ڕاستیدا تەقینەوەى خەرجیەکانە، بە چاکسازى ناودەبرێت بەڵام زۆر دوورە لە هەموو چاکسازییەک".

 

وتیش حکومەت بە درێژایى ساڵى ڕابردوو 72 تریلیۆن دینارى خەرجکردوە بەڵام قەبارەى خەرجى لە پرۆژە یاساى ئەمساڵ 164 تریلیۆنە واتا دوو هێندەى ساڵى 2020.

 

ئەندامەکەى لیژنەى دارایى باسى لەوەشکردووە، :ژمارەکانى ڕەشنوسى پرۆژە یاسى بودجەى گشتى گەورەن، کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەى خەرجى لە 164 تریلیۆنەوە بۆ 120 و کەمکردنەوەى کورتهێنان لە 70 تریلیۆنەوە بۆ 30 یاخود 40 ترلیۆن".

 

کۆچەر جەختیلەوەشکردوەتەوە، لیژنەى دارایى سورە لەسەر گۆڕینى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و شێوازەکەى، ئەوەش لە ڕێگەى بڕین لەو موچانەى کە یەک ملیۆن و بەرەو سەرەوەن، پێشبینى ئەوەش دەکات کە پرۆژە یاساکە لە ماوەى 20 ڕۆژ بۆ مانگێک دواى خوێندنەوەى یەکەم تێپەڕێنرێت.

 

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق (29ی کانونی یەکەمی 2020) پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد،  داهاتی گشتی عێراق لە بودجەکەدا بە 93 تریلیۆن دیاریکراوە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 164 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، ڕێژەی کۆرتهێنانی گشتیش بە 71تریلیۆن دینار جێگیرکراوە.  

 

بە گوێرەی پڕۆژەی هەموارکراوی بودجەی ساڵی 2021 کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" ناوەڕۆکی بودجەکە بەم شێوەیەی لای خوارەو داڕێژراوە.  

  

کۆی گشتی داهات 93 تریلیۆن دینارە لەسەر بنەمای هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانە بەڕێژەی 3.25 مليۆن بەرمیل بەنرخی 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی هەر دۆلارێکیش بە 1450 دینار جێگیرکراوە.  

  

کۆی گشتی بودجە تەرخانکراو 164 تريليۆن دينارە، خەرجی بەگەڕخستنیش 120 تريليۆن دينارە، داهاتە نەوتییەکان 73 تريليۆن دینارە، داهاتە نانەوتییەکان 20 تريليۆن دینارە.  

  

هەروەها کۆی گشتی کۆرتهێنان لە بودجە بە 71 تريليۆن دینار دیاریکراوە، پارەی داواکراو بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی تەمویلکردنی بودجە 47 تريليون دینارە.  

  

بەگوێرەی ناوەڕۆکی بودجەکە، شێوازی پڕکردنەوەی کورتهێنان دیاریکراوە کە ئەوەش لەڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە دەبێت، ئاماژە بەوەشکراوە، پشکی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک دەبێت، ئەوەش دوای لابردنی پارەی خەرجییە  سیادییەکان.  

  

بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بەڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەکۆمپانیای سۆمۆ، هەر بە گوێرەی ناوەڕۆکی بودجەکە، موچەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت.  

  

لە پڕۆژەیاساکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ساپەندی باج بە ڕێژەی لە 20% لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بەردەوام دەبێت و بەرێژەی لە 20% باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی جگەرە وخواردنەوە کحولییەکان، هەروەها بەرێژەی لە 10% باج دەخرێتە سەر فرۆشتنی ئۆتومبێل ولە 10% باج دەخرێتە سەر فرۆشی مۆڵەکان.    

  

لە پرۆژەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قەرزانەی کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بانکی "تی بی ئای" ڕێک دەخرێتەوە ودەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا بدرێتەوە بەو بانکە".  

  

لە پرۆژە یاساکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر سەپاندنی باج بە ڕێژەی لە 40٪ لەسەر موچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.  

  

سەبارەت بە ساپاندنی باج لەسەرموچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئاماژە بەوەکراوە 500 هەزار فەرمانبەری حکومەت لە پێدانی باجی سەر موچە دەبەخشرێن، ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان لە نێوان 500 هەزاربۆ ملیۆنێک دینار دەبێت لە 10% باج دەخرێتە سەر موچەکانیان.  

  

هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان لە نێوان ملیۆنێک و بۆ ملێونێک و500 هەزارە لە 20% باج دەخرێتە سەرموچەکانیان، ئەو فەرمانبەرانەشی کە موچەکانیان لە ملیۆنێک و500 هەزار زیاترە لە 30% باج دەخرێتە سەر موچەکانیان.  

  

بەگوێرەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆی گشتی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی عێراقبە هەرێمی کوردستانەوە، سێ ملیۆن و 263 هەزار فەرمانبەرە کە 682 هەزاریان فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن.  

  

ئەوەشخراوەتەڕوو، پارەی تەرخانکراو بۆ موچەی فەرمانبەرانی حکومەت لە بودجە ساڵی 2021، 53 تريليۆن دينارە کە دەکاتە  36 مليار دۆلار.