گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

وەزیرى تەندروستى رونکردنەوە لەسەر خەرجکردنى ’37 ملیۆن دۆلار’ دەدات

2021.01.03 - 23:19
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیرى تەندروستى رونکردنەوە لەسەر خەرجکردنى ’37 ملیۆن دۆلار’ دەدات

ناس کورد-

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رەتیکردەوە خەرجکردنى 37 ملیۆن دۆلارى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا بەهەدەردانى تێدا کرابێت و جەختدەکاتەوە کە بودجەکە لەلایەن گەنجینەكانەوە خەرجکراوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سکرتێرى رۆژنامەوانى وەزیرى تەندروستى (یەکشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2021) لەرونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، "بودجە تەرخانكراوەكان بۆ نەخۆشی كۆرۆنا لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام مانگانە دابین دەكرێت و لەلایەن وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوبەرایەتیە گشتییەكانی تەندروستی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان لەلایەن گەنجینەكانەوە وەکو هەر بودجەیەکی دیکە خەرجدەكرێت".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "یەك سەنت یان یەك دیناریش لەلایەن وەزارەتی تەندروستی خەرج نەكراوە بەڵکو تەواوی دەسەڵات بە فەرمانگەكانی تەندروستی دراوە بۆ خەرجكردن، كە  بەڕێكوپێكی بۆ بابەتە هەستیار و پێویستیەكان لەسەر بنەماكانی ڕێنمایی دارایی خەرجدەكرێت و پسوڵەو ووردەكاریەكان دوای ووردبینی کردن لەلایەن گەنجینەكانەوە وەردەگیرێتەوە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی (یەکشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا  ڕایگەیاند، "بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستی تۆڕەکەمانە، لەماوەی ڕابردوودا  37 ملیۆن دۆلار بۆ کۆرۆنا تەرخانکراوە، بەڵام سەرچاوە و شێوازی خەرجکردنی ئەو پارەیە بە  نادیاری ماوەتەوە."  

  

ئاماژەی بەوەشكردووە، "زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە وەزیری تەندروستی خەریکی تەخشان و پەخشانکردنی بەشێکی ئەو پارەیەیە. "  

  

تۆڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ نمونە، وەزیری تەندروستی پارەیەکی زۆری بە فێرۆداوە لە بەناو نۆژەنکردنەوەی ئۆفیسەکەی خۆی لە ناو وەزارەتی تەندروستی. "  

  

ئەوەش هاتووە، "ئەم ڕەفتارەی وەزیری تەندروستی لە کاتێکدایە کە پزیشکان و کارمەندان بە تەواوەتی موچەیان وەرنەگرتوە و نەخۆش ناچار دەکرێت لە دەرەوە دەرمان بکڕێت و پارە لە خەڵک وەردەگیرێت لە بەرامبەر پشکنینی کۆرۆنا."  

  

تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانەی وەزیری تەندروستی دەکەین، داواش لە دەزگا پەیوەندیدارەکانی داواکاری گشتی و دەستەی دەستپاکی و پەرلەمان دەکەین لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و چۆنیەتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بکات کە بۆ کۆرۆنا تەرخانکراوە. "