گه‌ڕان

Shadow Shadow

(( زۆڵەکەی ئەستەنبوڵ ))

(( زۆڵەکەی ئەستەنبوڵ ))

2021.01.03 - 14:45

دڵشاد نامیق

ئەمە ناوی یەکێك لە ڕۆمانەکانی خانمە ڕۆمان نوسی دیاری(تورك), (ئەلیف شەفەق)، کە بەشێوەیەکی زۆر هونەریانە باس لە کێشە وگرفتە کەلتوریەکان وناکۆکیە نەتەوەییەکانی تورکیا بەتایبەت و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی دەکات، لەگەڵ گیرۆدەبوونی مرۆڤەکان بەڕابوردویانەوە وبەریەك کەوتنیان وهاودژییان لەگەڵ کلتورە جیاوازەکان، نوسەر سەرەڕای پسپۆڕیەکەی کە زانستی سیاسەتە، ڕۆمانەمانی لەسەر ئاستی جیهان بەناو ودەنگن و بۆ ٢٥ زمانی جیهان وەرگێڕدراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

- ڕوداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە ئەستەنبوڵی تورکیا و (سانفراسیسکۆ) و(ئەریزۆنا)ی ئەمریکا ڕوودەدەن.

 

- بنەماڵەی (قازانچیان) کە پاشماوەی خێزانێکی خانەدان وخاوەن پیشە وبازرگانی تورکن، پێکهاتون لە چوارکچ و کوڕێك ودایك و داپیرەیان، (مستەفا)ی تاقە کوڕیان بەجێی هێشتوون و لە (ئەریزۆنا)ی ئەمریکا بەدور لەمان دەژی، چوارکچەکە (بانو، فەریدە، جیفری و زڵێخا) لەگەڵ دایکیان (کەلسوم) و زڕنەنکیان (پیتیتی-ما) لە ئەستەنبوڵ دەژین.

 

- خێزانی (چەکمەچیان)یش پاشماوەی بنەماڵەیەکی ڕوناکبیری (ئەرمەن)ین ودوای جینۆسایدی ئەرمەنیان بەشێکیان لێ کوژراوە، ئەوەیان ماونەتەوە بەچەند قۆناغێك ئاوارەبوون وگەیشتونەتە (سان فرانسیسکۆ)ی ئەمریکا، کە خاتوو(شوشان)ی گەورەی خێزانەکە، خۆی قوربانیەکی جینۆسایدەکەیە، ئێستا سەرگەورەی خێزانەکەیە وپێداگرە لەسەر پاراستنی داب ونەریتی ئەرمەنی وپابەندبوون بە کلتوری ڕەسەنی خۆیان و ڕاهێنان وگۆشکردنی نەوەکانی لەسەر لەبیرنەکردنی ئازار ومەینەتیەکانی (ئەرمەن) و دڕندەیی تورکەکان، هەربۆیە هەمیشە لەهەوڵی پاراستنی خێزانەکەی وپەیوەندی توندوتۆڵە لەگەڵ ڕەوەندی ئەرمەنی لە ئەمریکا، بە دڵسۆزیەوە لەخەمی ئەوەدایە (ئارمانۆش)ی کوڕەزایشی لەسەر ئەو کەلتورە و لەبیرنەکردنی ڕابوردوو پەروەردە بکات، لەکاتێکدا (بارسام)ی کوڕی شوشان و باوکی (ئارمانۆش) لە ژنەکەی جیابووەتەوە و ئێستا ئارمانۆش وەك کەسێکی پەڕاگەندە لەنێوان باوك ودایکیدا دێت و دەچێت و هەر ماوەیەك لای یەکێکیان دەژی، دایکی کە ناوی (ڕۆزا)یە دوای جیابوونەوە لە مێردە ئەرمەنیەکەی لە ڕقی ئەوان شودەکاتەوە بە کوڕێکی (تورک)ی نیشتەجێی ئەمریکا، کە(مستەفا) تاتانە کوڕی خێزانی (قازانچیان)ی ئەستەمبوڵیە.

 

- نوسەر لەمیانەی گفتوگۆی کارەکتەرەکان وگێڕانەوەکانی ڕۆمانەکەوە پێمان دەڵێت کۆنترۆڵکردن وسەپاندنی تاك ڕەهەندی بیر وهزر مەحاڵە وتەنانەت لەناو خودی یەك خێزانیشدا ئاسان نیە بتوانرێت ئەو داخراوی و وەك یەكبوونە بێتەدی، هەر بۆیە هەریەك لە کچەکانی خێزانی (قازانچیان) نوێنەرایەتی بیرو ئایدیایەکی جیاواز دەکەن، گەورەکەیان(بانو) پابەندە بەئاین ودابونەریتە ئاینیە تەقلیدیەکان و تەنانەت بووە بەجادوگەر ولەو ڕێگەیەوە ناوبانگی پەیداکردوە، یەکێکی تریان نەتەوەیی وپابەند بەکۆمار وبیری ئەتاتورک، یەکێکی تریان کەسێکی سەتحی وئالودەی تیڤی وتەلەفزیۆن و دراما و بەرنامەکانی تیڤیە، چوارەمیشیان کە(زوڵەیخا)یە ڕادیکاڵ و دژ بە هەموو کەلتور وداب ونەریتەکانە وتەنانەت گشت ئاینەکان ڕەتدەکاتەوە و ڕەوتی(بێ دینی) هەڵبژاردووە، کە زوڵەیخا وەك پیشە کاری خاڵکوتین (تاتۆ) دەکات.

 

- زوڵەیخا بەشێوەیەکی ناشەرعی منداڵێك دێنێتە دنیاوە، کە ناوی(ئاسیا)یە، ئاسیا لە هەموو ڕەفتارەکانیدا وەك دایکی وایە، ڕادیکاڵ وئەتایست و ڕەتکەرەوەی هەموو نەریتەکان، خۆدزینەوە وخۆدابڕین لەڕابووردوو و بەهیچ شێوەیەك حەزناکات خۆی بەڕابووردوو و میراتی بنەماڵە و نەتەوەکەیەوە ببەستێتەوە و بەڵکو دژیشیەتی.

 

- ئارمانۆش، ی ئەرمەنیش لە ئەمریکا دەکەوێتە کەڵکەڵەی ئەوەی بێتەوە ئەستەنبوڵ و تیایدا سۆراخی ئەو چیرۆکانە بکات کە داپیرەی بۆی باسدەکرد، دەیەوێت بێت و بەچاوی خۆی تورکەکان ببینێ و لەگەڵیان هەڵسوکەت بکات، بۆیە بەدزی دایك و باوکیەوە دێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ بۆماڵ(مستەفا)ی باوەپیارەی (زڕباوکی) کە خێزانی جەکمەچیانن، لەوێ دەبێتە هاوڕێی (ئاسیا)ی کچە ناشەرعیەکەی زوڵێخای خوشکی موستەفا وپێکەوە دەکەونە گەڕان وگفتوگۆ... .

-

نوسەر لەمیانەی گفتوگۆ و گەڕانەکانی(ئاسیا)ی تورك و (ئارمامۆش)ی ئەرمەنی لەئەستەمبوڵدا، ناسۆریەکانی ئەرمەنیەکان بەهۆی جینۆسایدکردنیانەوە دەخاتەڕوو کە چۆن بووە بە گرێیەکی دەروونی لای تاکی ئەرمەنی و دوای نزیکەی سەد ساڵ هێشتا لایان زیندووە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە چۆن تورکەکان دەیانەوێ لەو مێژووە ڕابکەن وخۆیانی لێ دابڕنن و بەناوی (تورکیای نوێ)وە ئەو بابەتە فەرامۆش بکەن و خۆیان بەبەرپرسی نازانن...

 

- ڕویەکی تری ڕۆمانەکە ئەو تەنگژە فیکری و دەرونیانەیە کە تاکی ئێستای سەردەمی تەکنۆلۆژیا وزانیای و بەجێهانیبوون پێوەی گیرۆدەن وجیهان وەك گوندێکی تەواوبچوك وتەنگەبەری لێهاتووە و کەسەکان لەهەرکوێی دنیابن توشی یەکتر دەبنەوە ودەگەنەوە یەكتر، ئەو ڕابوور دوەیشی کە هەندێك لێی ڕادەکەن بەبێ ویستی خۆیان دێتەوە بەردەمیان و لێیان جیانابێتەوە.

 

- ئارمانۆش دێتە ئەستەنبوڵ ویادگارێکی گرنگی داپیرە ئەرمەنیەکەیی دەستدەکەوێتەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگەڕێتەوە داپیرەی لە ئەمریکا دەمرێت و یادگاریەکە نابینێ...

 

- مستەفای تاکە کوڕی (چەکمەچیان)یش دوای زیاتر لە بیست ساڵ لە ئەمریکاوە دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ بەدوای زڕکچەکەیدا، بەڵام لەوێ دەمرێ و هەر لە ئان و ساتی مردنی مستەفادا (ئاسیا)یش باوکی خۆیی بۆ ئاشکرا دەبێت... .

 

- لە ڕێگەی ئەم کارەکتەرانەوە، ڕۆمانەکە پڕە لە ڕوداوی پڕ مانا و هەڵقوڵاوی واقیعی گۆڕانی کۆمەڵگاکان بەرەو مۆدێرن بوون، روداوگەلێك کە زادەی جیوازی بیرکردنەوە وبیروباوەڕ و کەلتورن، هەندێکیشیان لێکەوتەی نەبوونی لوتف و میهرەبانی باوکەکان لە ناو خێزانەکانن، ڕوداوگەلێکی سامناكیش کە زادەی کەلتوری بەکەم تەماشاکردنی مێینەن لەخێزاندا کە تا ئێستایش لەهەندێ شوێن بوونی هەیە.

 

- ڕۆمانەکە (٤٨٥) لاپەڕەیە، لەلایەن وەرگێڕی بەتوانا، مامۆستا (سەلاح حەسەن پاڵەوان) بەزمانێکی شیرین و پاراو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، دەزگای(مانگ)یش چاپیکردوە، چاپ و وەرگێڕانێکی جوانن و هیچ ماندونابی لەخوێندنەوەی، ئومێدەوارم کات ودەرفەتی خوێندنەوەیتان هەبێت.