ناس کورد-
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکیتی رادەستکردنى نەوت و داهاتى سلێمانى بەبەغدا بە "بەیت و بالۆرە" ناودەبات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت هیچ شتێک لەوبارەیەوە بە ئەوان نەوتراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماڵپەڕى "ئاژانس"ى نزیک لە ئۆفیسى هاوسەرۆکى یەکێتی (31ى کانوونى یەکەمى 2020) بڵاویکردەوە، لە حاڵەتى رێکنەکەوتنى حکومەتى هەرێم لەگەڵ بەغدا، یەکێتى لەگەڵ بەغدا ڕێدەکەوێت و لەبەرامبەر پێدانى موچە و شایستە داراییەکانى سنورى سلێمانى نەوت و داهاتى ناوخۆ رادەستى بەغدا دەکات.
ڕزگار عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "من هیچ قسەیەکی ناو حزب ناکەم، دەستور ڕێگە بەو شتە دەدات، بێگومان نەخێر. کە واتە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەستور گەورەترنییە و ئەو شتانە هەر نابێت، ئەوەی دەوترێت بەیت و بالۆرەیە".
بەپێی ماڵپەڕەکەى یەکێتى کە نزیکە لە ئۆفیسی هاوسەرۆکی یەکێتی لاهور شێخ جەنگی، "لە حاڵەتی رێککنەکەوتن لەگەڵ بەغداو و بەردەوامبوونی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەسەر برسیکردنی خەڵک، یەکێتی بریارە قورسەکە دەدات و تەواوی نەوت و گومرگ و داهاتی سنووری سلێمانی ڕادەستی بەغدا بکات و لە بەرامبەردا بەغدا ڕاستەوخۆ موچەی مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی دابەش دەکات و بودجەی تەواو بۆ سلێمانی دەنێرێت".
د. جوان ئیحسان سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق (31ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمە ئاماژەکان لە حزبەکەمان وەردەگرین، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئەو پرسە ئاگادار نەکراوین".
بڵاوکردنەوەى ئەگەرى رێککەوتنى یەکێتى لەگەڵ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ شەڕى میدیایی نێوان میدیاکانى نزیک لە مەسرور بارزانى و لاهور شێخ جەنگى و رێکنەکەوتنى تەواوەتى هەرێم و بەغدا لەسەر موچە و بودجە.