گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری ورد لەوبارەیەوە

%46ی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە 2020 لەسەر دوو پرس بووە

2020.12.31 - 17:15
App store icon Play store icon Play store icon
%46ی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران لە 2020 لەسەر دوو پرس بووە

ناس کورد-

ساڵی 2020 بەرەو کۆتایی دەڕوات و بەدرێژایی ساڵەکە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 28 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە، نزیکەی نیوەی کۆبوونەوەکان تایبەت بوون بە دۆخی دارایی و دابەشکردنی موچە و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت توانیویەتی، هەشت موچە دابەش بکات، پێنج موچەی ئەمساڵ و سێ موچەی ساڵی ڕابردوو.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ساڵی 2020 جگە لەوەی لەڕووی تەندروستییەوە بۆ جیهان قورس بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەڕووی داراییشەوە ساڵێکی خراپ بوو.

 

"13 کۆبوونەوە و پێنج موچە" 

 

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی "ناس کورد" بۆ ئەو ڕاگەیەندراوانەی لە ماڵپەری فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، لەساڵی 2020 ئەنجومەنی وەزیران 28 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

 

لە کۆی ئەو کۆبوونەوانە، 13 کۆبوونەوەیان واتە بەڕێژەی %46.4،  باس لە دۆخی دارایی هەرێم و دابەشکردنی موچە و گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا کراوە.

 

هاوکات پێنج کۆبوونەوە تایبەت بووە بە یاسای چاکسازی و لە چوار کۆبوونەوەشدا باس لە پلاناکانی بەرەگاربوونەوەی کۆرۆنا کراوە.

 

لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا لە بەرواری 1ی نیسانی 2020، کۆبووەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی.

 

پاش کەمتر لە سێ مانگ لەو بڕیارە و لە 21ی حوزەیرانی 2020، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و دەستەواژەی "خۆگونجاندن لەگەل دۆخی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان" هاتە ئاراوە و دواتر بڕیاردرا، بەگوێرەی داهات موچە دابەش بکرێت و %21ی موچەی فەرمانبەران بڕدرا.

 

لە کۆی 12 مانگی ساڵی 2020، فەرمانبەرانی هەرێم موچەی پێنج مانگیان وەرگرتووە، لەگەڵ سێ موچەی ساڵی 2018، واتە هەشت موچە، لەو موچانەش، چوار موچە هەشت موچەیان وەرگرتووە، لەو هەشت موچەیە چوار موچەیان بە تەواوی دراوە و چوار موچە بە لێبڕینەوە.

 

"ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا"

 

ئەگەرچی بەهەمانشێوەی موچە و دۆخی دارایی، لە زۆرترین کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کۆبوونەوەی تایبەتی دیکەدا باس لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوسی ڕێککەوتن ڕوون نییە و دیارنییە کە ساڵی 2021 بۆ هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت.

 

لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، پشکی هەرێمی کوردستان بە %12.67 دیاریکراوە و پێویستە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەوترێت سەرەتای ساڵی داهاتوو شاندێکی سیاسیی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەکە.

 

ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە بەغدا و ئاگادار لە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا بە "ناس کورد"ی وت، " لایەنە عەرەبییەکان هاوشێوەی ڕابردوو بەرامبەر کورد توندن و نازانین پڕۆژەیاساکە تێپەڕدەبێت یاخود نا."

 

ئاڵا تاڵەبانی پێیوانییە هیچ شاندێکی سیاسیی لە ئێستادا بچێتە بەغدا و باسی لەوەکرد، "کورد لە ناوخۆدا ئەوەندە ڕێک نییە تا شاندی سیاسی بچێتە بەغدا و لەگەڵ لایەنە شیعە و سوننەکان ڕێکبکەوێت."

 

سەبارەت بە دەنگۆی ئەوەشی، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی هەرێم و بەغدا، یەکێتیی نیشتیمانیی کورستان، بەتەنها لەگەڵ بەغدا ڕێکدەکەوێت و داهاتی سنوریی سلێمانی ڕادەستی بەغدا دەکات، ئاڵا تاڵەبانی باسی لەوەکرد، "بەهیچ شێوەیەک شتی لەوشێوەیە ڕوونادات، یەکێتی لە حکومەتی هەرێم بەشدارە و کاری واناکات."

 

جەختیشیکردەوە، "یەکێتی خاوەنی سلێمانی نییە و لە سلێمانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێش هەن، بۆیە ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە و بەهیچ شێوەیەکیش یەکێتی باسی ئەوەی نەکردووە و پلانێکی لەوشێوەی نەکردووە."