گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’زۆر كاری ترمان ماوە لەبەغدا’’

قوباد تاڵەبانى: نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ هەستیارییەكی تری لە هەناودایە

2020.12.31 - 16:19
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانى: نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ هەستیارییەكی تری لە هەناودایە

ناس کورد-

 

قوباد تاڵەبانى رایگەیاند، نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ هەستیارییەكی تری لە هەناودایە كە وەرزی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو و بەرزبوونەوەی تای كێبەركێ و ململانێی سیاسی و كەسی و تەنانەت تایفی و نەتەوەییەكانیشە لەسەر ئاستێکی فراوان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانى جیگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە پەیامێکدا بەبۆنەى ساڵى نوێوە کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە،  لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا زۆر هەنگاو چوونە پێشەوە، "زۆر كاریترمان ماوە لەم دۆسیەدا تا بگەینە دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیتری نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال".

 

دەقى پەیامەکە:

 

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، پێکەوە ساڵێكی دژوار و سەختی دارایی و تەندروستیمان بەڕێكرد، وا لە دەسپێكی ساڵێكی نوێداین؛ 2021، كە ئەویش كاریگەرە بە لێكەوتەكانی كۆرۆنا لەگەڵ كێشە و گرێ و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، نیوەی یەكەمی ساڵی نوێ هەستیارییەكیتری لە هەناودایە كە وەرزی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو و بەرزبوونەوەی تای كێبەركێ و ململانێی سیاسی و كەسی و تەنانەت تایفی و نەتەوەییەكانیشە لەسەر ئاستێکی فراوان. ئەمە لەكاتێكدایە خەڵكی كوردستان و هەموو عێراق بە گشتی خۆیان هیلاك و ماندووی دۆخی دارایی و ترس و دڵەڕاوكێی ئایندەی خۆیان و خێزانەكانیانن.

 

گەلی ئێمە مێژوویەكی درێژ و یادەوەری تفت و تاڵی زۆری هەیە لەگەڵ قەیران. لە هەمان كاتیشدا پێشینەی پشوودرێژی و ئازایەتییەکی بێوێنەی هەیە لە تێپەڕاندنی ناخۆشییەكان و سەركەوتن بەسەر تەنگ و چەڵەمەكان. هەوێنی ئەم سەركەوتنانەشی بە پلەی یەكەم لە یەكڕیزی و گیانی لە خۆبردوویی و هاوكاریكردنی یەكتردا بووە، بە تایبەت ئەو كاتانەی یەخانگیری مەترسییەكان بووە. بۆ ئەم ساڵەشی كە دادێت لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە ژیاندنەوەی ئەم گیانە هەیە لەسەر ئاستی تاك و كۆمەڵ. نابێ رێگە بدەین ناكۆكییە سیاسی و حیزبی و دەستەگەرییەكانمان زاڵ بن بەسەر ئامانجە نەگۆڕەكانمان، لە پێش هەموویەوە پاراستنی خەڵك و خاك و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەر مەترسییەك كە دەشێت لە هەر ئان و ساتێكدا سەرهەڵبدات.

 

هەوڵدان بۆ تەبایی و دروستكردنی كۆدەنگی ئەرکی سەر شانی هەموومانە. پێویستە هەر کەس و لایەنێک لای خۆیەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا گەورەیی بنوێنێت و لە بەشێک لە بەرژەوەندییە کەسیی و حیزبییەکان خۆش بێت. بۆ ئەم مەبەستەش هیوامان بە چاكەخواز و خەمخۆرانی میللەتی خۆمان زۆرە و چاوەڕوانین هەر کەس و لایەنێک لەلایەن خۆیەوە دەستپێشخەربێت و هەنگاو بنێت.

 

ئەوەشی پەیوەندی بە روبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانەوە هەیە، ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گشتی و تیمی دانووستانكار لەگەڵ بەغدا، درێغی ناكەین و لە كار و كۆشش بەردەوام دەبین بۆ زاڵبوون بەسەریاندا. لە ماوەی رابردوودا لە بەغدا زۆر هەنگاو چووینە پێشەوە، زۆر كاریترمان ماوە لەم دۆسیەدا تا بگەینە دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانیتری نێوان هەرێم و حکومەتی فیدرال، لە نێویاندا کۆتاییهێنان بە سەرهەڵدانەوەی تەعریب لە کەرکوک و هەموو ناوچە جێناکۆکەکان، هەروەها بەدەستهێنانی مافی جوتیارانی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی سیستمی بەرگری عیراقدا.

 

لە هەمان کاتدا ئەرکی هێزە سیاسییەکانە کە هەوڵ بدەن فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکگرتووتر بن لە پێناو خێراترکردنی چاکسازی و هەروەها لە پێناو بەڕێوەبردنێکی باشتر و شایستەتر بۆ هەموو عیراقییەکان بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیشەوە. دەبێت بە کردار ئەو تێڕوانینە هەڵەیە بسڕینەوە کە حکومەت و دەسەڵاتدارانی کوردستان تەنها هەرێمی کوردستانیان بەلاوە گرنگە و بەشەکانی تری عیراق پشتگوێ دەخەن. کوردستانێکی بەهێز بە بەشدارییەکی کارا و بەهێز لە عیراقێکی بەهێزدا دێتە دی. بەڵام کوردستان هەرگیز ناتوانێت ئەو کاریگەرییەی هەبێت ئەگەر لەناو ماڵی خۆماندا تەبا نەبین. تەباییش بە سەپاندنی ئیرادەی زۆرینە نایەتە دی، و بە پەیڕەوکردنی سیاسەت و رق و کینە لە دژی یەکتری دروست نابێت. تەبایی بە رێکەوتن لەسەر خاڵە ستراتیژییەکان لە لایەکەوە و بە پەیڕەکردنی کێبەرکێیەکی سیاسی تەندروست لەلایەکەیترەوە دروست دەبێت کە دوور بێت لە شکاندنی کەسایەتی یەکتر و دوور بێت لە تەشهیر کردن بە رەمزەکانی یەکتر. مەترسییەکانی بەردەممان وادەخوازن کە دووربینانە بیربکەینەوە و لە ئێستاوە بکەوینە کاری جدی.

سەرباری لەمپەر و كەشی ئاڵۆز و قورسایی دانوستاندنەکانمان لەگەڵ بەغداد، گەشبینین و چاوەڕێ دەکەین بە پەرەپێدانی هەوڵەكانمان لەماوەی داهاتوویەکی نزیکدا بەرەو دەستکەوتی گەورە بۆ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەنگاو بنێین.

لەپاش هەموو ناخۆشییەك نۆرەی خۆشییە و تونێلەكە چەندە درێژ و تاریک بووبێت، ڕووناكی لە كۆتاییەكەیدا دیارە. هیوا و باوەڕی زاڵی ئێمەش ئەوەیە لەگەڵ 2020 دا ماڵئاوایی بكەین لە ترسناكییەكانی بەشێكی زۆر لەو كێشە و قەیرانانەی ژیانیان لێ تێكداین، لە پێش هەموویانەوە كۆرۆنا و بۆ قەیرانەكانی دیکەش باوەڕمان بەكار و پێداگریمان هەیە لەسەر هەوڵی چارەسەركردنیان.

بە هیوای ساڵێكی خۆشتر و باشتر بۆ هەموولایەك و هەموو ساڵێك هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن