گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

مەسرور بارزانى باسى ’’ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و کارتى فشار’’ دەکات

2020.12.31 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانى باسى ’’ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا و کارتى فشار’’ دەکات

ناس کورد-

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ رێککەوتن و هیوادارن جێبەجێبکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەسرور بارزانی بەبۆنەی هاتنی ساڵی 2021ی زاینیی لە پەیامێکدا کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە (31ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاندووە، له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ رێککەوتن و هیوادارە ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و  ڕێگە نەدرێت ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی کوردستان. 

 

داواشیکردووە، هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن و بەرگری لە خاک و قەوارەی فيدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن. 

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

 

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی 2021 ، گەرمترین پیرۆزبایی لە  هاونیشتمانیانی کوردستان بەگشتی و پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بە تایبەتی دەکەم. هیوادارم ساڵێکی پڕ لە کامەرانیی و ئاشتی و ئارامیی و کۆتایی هاتنی نەهامەتی و قەیرانەکان بێت لە کوردستان و عێراق و جیهاندا.

 

کوردستانییانی خۆشەویست :

 

لەکاتێکدا پێ دەنێینە ساڵی نوێوه‌، هەرێمی کوردستان و جیهان به‌گشتی، ساڵێكی زۆر سه‌ختی به‌ڕێكرد، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییە سەختەکانی و نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن کاربەدەستانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، کە لە ئەنجامدا  قەیران ودۆخێکی دارایی سەخت و بارگرانییەکی زۆر لە سەر هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دروستبوو ،‌ ئێستا کە له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گه‌یشتووینه‌ته‌ رێککەوتن.  هیوادارم ڕێککەوتنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسییەکانی عێراق، چیتر  ڕێگە نەدەن ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بکرێتە کارتێکی فشاری سیاسی لە دژی خەڵکی مافخوراوی کوردستان . دووپاتیشی دەکەینەوە کە ئێمە هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.

 

گەلی کوردستان خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و قوربانییەکی زۆری لەم پێناوە داوە و قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی سەدان هەزار شەهیدە و پێویستە بە هەموومان داکۆکی لێ بکەین و بیپارێزین، چونکە کەرامەت و سەربەرزی خەڵکی کوردستان، بەندە بە هەبوون و بەهێزبوونی ناسنامەی نیشتمانیی و نەتەوەییمان و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانمان. داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دەکەم، هەموو جیاوازیی و ناکۆکییەک بەلاوەبنێن و بەرگری لە خاک و قەوارەی فيدراڵی هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکان بکەن و یەکگرتووانە، ڕووبەڕووی هەموو هەڕەشەکان ببنەوە و داکۆکی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانیان بکەن . دڵنیام بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی، دەتوانین هەموو قەیران و ئاستەنگەکان تێپەڕینین.

 

لێرەدا جەخت لە هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ درێژەدان بە چاکسازی و  باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و سەروەری یاسا و دادپەروەریی و سەقامگیرکردنی زیاتری ئاسایش و ئارامی دەکەینەوە.

 

ئێمە بە گەشبینی و ئومێدەوە، دەڕوانینە داهاتوو، بەو هیوایەی  هەرێمی کوردستان پێ بنێتە قۆناغێکی نوێی گەشەکردن و پڕ دەستکەوت و ئاوەدانی و دووربێت لە هەموو ناخۆشی و دۆخێکی نەخوازراو.

 

ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و کوردستانیش هەمیشە، بەهێزتر و سەرفرازتر و ئاوەدانتر بێت.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

2020/12/31