گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ناس بە دواداچوون بۆ پێدانی دوو موچەی زیادە بە مامۆستایانی زانکۆ دەکات 

2020.12.30 - 20:28
App store icon Play store icon Play store icon
ناس بە دواداچوون بۆ پێدانی دوو موچەی زیادە بە مامۆستایانی زانکۆ دەکات 

ناس کورد-

ساڵانە دوو مووچەى زیادە دەدرێتە سەرۆکی زانکۆ و سەرۆک بەشەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت "پێدانی ئەو دوو مووچەیە ناڕەوایە و بەفیرۆدانی پارەیە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

د.ئەیوب ئەنوەر سماقەیی، مامۆستای كۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابوری لەزانكۆی سەڵاحەدین بە "ناس کورد"ی راگەیاند، ساڵانە لەکاتی پشووەکانی هاوین دوو مووچەی زیادە بۆ سەرۆکی زانکۆ و سەرۆک بەشەکان خەرج دەکرێت و ئەو مووچەیە بۆ مامۆستایانی زانکۆ نییە تەنها بۆ ئەوانە دیاریکراوە کە پلە و پۆستیان هەیە، ئەو دوو موچە زیادەش لە زانکۆکانی حکومەتی عێراق نییەو تەنها لە هەرێمی کوردستانە بەڵام بەبۆچوونی من شتێکی نا ڕەوایە و بەفیرۆدانی پارەیە.

 

باسی لەوەشکرد، ئەو مامۆستایانەی پۆستیان هەیە دەرماڵەیەکی زیادە وەردەگرن لەبەرانبەر بەڕێوەبردنی پۆستەکانیان، بۆ ئەوەش ئەو دوو مووچە زیادە وەریدەگرن لە هاوینان شتێکی پێویست نییە، بەڵام بۆ ئەمساڵ نازانین خەرج کراوە یاخود نا.

 

لەلایەکی دیکەوە مامۆستا جیهانگیر سدیق گوڵپی مامۆستای زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، کە پێشتر بەڕێوەبەری وردبینی بووە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ "ناس کورد"ی ڕونکردەوە، بەپێی یاسای ڕاژەی زانکۆیی ساڵانە دوو مووچە زیادە دەدرێتە ئەو مامۆستایانەی زانکۆ کە لە پشووەکانی هاوین دەوام دەکەن بەتایبەت سەرۆک زانکۆ و سەرۆک بەشەکان، چونکە ساڵانە لەمانگی 7 و 8 پشووی هاوینەی مامۆستایانی زانکۆیەو ئەوان بەهۆی کاری بەردەوامی زانکۆکانەوە لە دەرەوەی دەوامی خۆیان دەوامی زیادە دەکەن بەوەش ئەگەر مۆڵەتیان نەبێت دوو موچەیان پێ دەدرێت.

 

باسی لەوەشکرد، ساڵانە ئەو دوو مووچەیە دراوەتە سەرۆکی زانکۆ و سەرۆک بەشەکان و ئەو مامۆستایانەی لەسەر داوای زانکۆکان لەکاتی پشووەکانیش دەوام دەکەن، بەڵام بۆ ئەمساڵ کە دەوامی ئاسایی وەکو پێویست نەکراوە ئەو دوو مووچەیە دابەش نەکراوە و بۆ ئەمساڵ ڕاگیراوە.

 

بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەم پرسە "ناس کورد" پەیوەندیکرد بە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.

 

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن بۆ گالاکسی - بۆ هواوى