گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەرمان و دەمانچە و پەکەکە’’

چیرۆکى پزیشکە دەستگیرکراوەکەى کیتۆ لە هەولێر

2020.12.29 - 15:46
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى پزیشکە دەستگیرکراوەکەى کیتۆ لە هەولێر

ناس کورد-

کوڕێکى سەرکێش و پزیشکێکى گەنج، لەماوەیەكی كەمدا دەنگدانەوەیەكی زۆرى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستكرد، کەمتر لە 24 کاتژمێر بوو چێشتخانەیەکى لە هەولێر کردبووەوە بۆ برەودانى زیاتر بە پرۆژەكەی، بەڵام لەناکاو خۆى لە زیندان بینییەوە و هێشتا دۆخی یاسایی و هۆكاری دەستگیركردنەكەی رانەگەیەنراوە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەزن كە خۆی بە مەزن جەمیلە دەناسێنێت و تەمەنى 24 ساڵە، خوێندکارى دوایین قۆناغى کۆلێژى پزیشکييە، لە ڕێگای پڕۆژەى کیتۆ بۆ دابەزاندنى کێش ماوەیەكە لەگەڵ پزیشك و سیستمە باوەكانی كێش دابەزاندن لە كێشمەكێش و كێبەركێدایە و لەهەندێ پرۆگرام و تێچێن و لایڤدا چووەتە رووبەڕووبوونەوەوە.

 

هەرچەند سیستمی كیتۆ دایت زیاتر لە رێگەی گرتە ڤیدیۆییەكانی دكتۆر بێرج و ئەحمەد سەمارای ئوردنی و زۆر كەناڵیتری یوتیوبەوە بەردەوام ریكلامی بۆ دەكرێت، بەڵام مەزن، ئەم سیستمەی بەزمانی كوردی و لە رێگەی لایڤ و پۆست و كۆمێنت و خزمەتگوزاری تایبەتی واتساپ و ڤایبەرەوە (ڤی ئای پی) لە كوردستان بڵاو دەكردەوە.

 

 بەهۆی ئەوەی سیستمەكە بژاردەی زۆرتری تێدایە بۆ بەكارهێنەر لەچاو رێجیمەكانی تر و خەڵك دەیانتوانی لەگەڵ مەزن تاوتوێی بكەن، جەماوەرێكی زۆری لەدەوری خۆی كۆكردەوە كە زیاتر لە 100 هەزار لایك و فۆڵۆوەرن. 

 

مەزن بەشێك لە پرۆژە فەیسبوكییەكەی گۆڕی بۆ خزمەتگوزارییەك لەبەرامبەر پارەی هاوبەشیكردن، دواتر پەرەی پێدا بۆ كردنەوەی چێشتخانەیەك لە هەولێر، بەڵام دەستگیركردنی و نەبوونی هیچ سۆراغێك لەبارەی چارەنووسییەوە گروپەكەی لە تاوتوێی پزیشكییەوە گۆڕی بۆ كەمپینی داوای ئازادكردن. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

هونەر یارسان ئامۆزای دکتۆر مەزن بۆ "ناس کورد" (29ی کانونی یەکەمی 2020) روونیكردەوە "مەزن بەبێ ئاگادار کردنەوەى خۆی، دەستگیرکراوەو هیچ سکاڵایەکیشی لەسەر نەبووە چونکە ئەو بەهیچ جۆرێک دەرمان بۆ چارەسەرو دابەزاندنی کێش بەکار ناهێنێت".

 

سيستمى كيتۆ بۆ دابەزاندنى کێش زیاتر لەرێگەى رێکخستنى خواردن و دووركەوتنەوەیە لە كاربۆهیدرات و نیشاستە و شیرینی و جێگرتنەوەی بە چەوری و سەوزەكان، بۆ جێبەجێكردنی ئەم سیستمەش بەمدواییانە مەزن چێشتخانەیەکى تایبەتى لە هەولێر کردەوە بۆ سەلماندنی كاریگەریی سیستمەكە و دەستخستنی داهات و "كۆتاییهێنان بە دابینكردنی بژێویی لەلایەن جەمیلەی دایكییەوە"

 

مەزن ڕۆژی هەینی کاتژمێر 4ی ئێوارە چێشتخانەکەی لە هەولێر کردووەتەوە و ڕۆژی شەممە کاتژمێر 11 دەستگیرکراوە واتە کەمتر لە 24 کاتژمێر لە کردنەوەی چێشتخانەکەی.

هونەری ئامۆزای ئەو دەنگۆیانەى رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن مەزن بەهۆى هەڵگرتنى چەکى بێمۆڵەتەوە دەستگیرکرابێت و دەڵێت "مەزن ماڵی لە شاری سلێمانی بووە لە سیتەک شوێنەکەی کەمێک چۆڵ بووە بۆ ئەوەش دەمانچەیەکی پێبووەو لە سلێمانی مۆڵەتی بۆ دەمانچەکەی وەرگرتووە، بەڵام ئەوەش بەڵگەیەک نییە، چونکە ئەو نە تەقەی کردووە نە دەمانچەی بەکارهێناوە بەڵکو پێمان وایە ئەمە ڕێگرییە بۆ ئەو کارانەی کردوویەتی".

 

دەشڵێت بەدواداچوونیان کردووە و پێیان وتراوە ڕەنگە دەستگیرکردنى ڕێگرییەک بێت بۆ ئەوکارەی مەزن دەیکات و نەیانەوێت بەوجۆرە ناوبانگی هەبێت و ئەو چێشتخانەیە بکاتەوە.

 

جگە لەو دەنگۆیانەى لەسەر هۆکارى دەستگیرکردنى بڵاوبووەتەوە، دەنگۆیەکى دیکەش هاتووەتە ئارا کە پەیوەندى بەرابردووى مەزنەوە هەیە و بەتایبەتى بوونى پەیوەندى بە پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە).

 

هونەر یارسان وتی "ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە مەزن ئێستا تەمەنی 24 ساڵە لە 15 ساڵی پەیوەندی بەوانە هەبووەو بەشداری خۆپیشاندانەکانی کردووە لەگەڵ ئەوان و دواتر لە 18 ساڵی وازی لەوەش هێناوەو ئیستا سەرقاڵی خوێندنی کۆلیژی پزیشکی بووە".

بە پێچەوانەى زۆربەى خەڵکییەوە کە بەناوى باوکییانەوە دەناسرێن، مەزن بەناوى دایکیەوە ناسراوە کە توشى نەخۆشى شێرپەنجە بووە. مەزن لە فەیسبوکى خۆى نوسیویەتى "جەمیلە، هەر پاشناوم نییە، جەمیلە نموونەی باڵامە، فەرماندەمە، ئازیزمە، کەسمە، پشتمە، هەناومە، جەمیلە سەرەتا و کۆتاییمە".

 

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى  

 

جەمیلەى دایکى مەزن کە ئێستا بەرپرسی دۆسیەى مافەکانی مرۆڤە لە نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق (یۆنامی)، توانی سەرنجی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بۆ خۆی رابکێشێت و رۆژى دووشەممە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەیەکێک لە ئافرەتە داهێنەر و بلیمەتەکانی كورد، له نێو ئافرەتانی ناوچەى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستنیشانکرا.

 

جەمیلە وەک خۆى لەبەرنامەیەکى رادێوییەوە دەیگێڕێتەوە لە 15 ساڵى هاوسەرگیریی کردووە و ساڵانێکى زۆر لە گوند ژیاوە، بەهۆى خراپى دۆخى ژیانیانەوە لە مێردەکەى جیابووەتەوە و پێشتر هەوڵى خۆکوشتنیشى داوە لەرێگەى حەبەوە، بەڵام دواتر بەیارمەتی براكەی خوێندنی تەواو كردووە و لە ساڵی 2012 لە گەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان دەستی بەكاركردن كردووە. 

 

دەستگیرکردنى مەزن جەمیلە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناوە و هەڵمەتێکى گەورەى هاشتاگ بۆ ئازادکردنى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستیپێکردووە و هەندێك پەرلەمانتاری كوردیش لە ئەنجومەنی نوێنەران هاتوونەتە سەر هێڵی داوای ئازادكردنی.

 

 هەندێك لە بەشدارانی هەڵمەتەكە باس لەوە دەكەن هۆكاری گرتنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گەنجێكە "خۆبەخۆ خەریكی خۆ دروستكردنە و هیچ هاوپشك و شەریكێكی دەسەڵاتداری نییە"، بەڵام تائێستا لایەنە ئەمنییەكان بەفەرمی و نافەرمی هیچیان لەبارەی دەستگیركردن و هۆكارەكەی رانەگەیاندووە.