ناس کورد-
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕەخنە لە بڕیارەکانی حکومەت دەگرێت سەبارەت بە خۆپارێزی لە سەری ساڵدا و دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ ڵایڤ میوزیک قەدەغە دەکات، بەڵام هاتوچۆی گەشتیاری لە سنورەکان ئاسایی دەکاتەوە، دەشڵێت، ئەوە لە فەتوای مەلا دەچێت، نەوەک بڕیاری خۆپارێزی لە کۆرۆنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی (دووشەممە 28ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ هاتووچۆی گەشتیاری لە مەرزەكان ئاسایی دەكاتەوە، بەڵام لە ناوخۆ لایڤ میوزیك قەدەغە دەكات، لەهەمان كاتتدا دانیشتن و كۆمەڵ بەستن ئاسایین ئەگەر میوزیكی تێدا نەبێت، جگە لەوەش تا شەوی سەری ساڵ لایڤ میوزیك بەردەوامە و شەوی سەری ساڵ قەدەغەیە، جاخۆی ئەوە لە فەتوای مەلا دەچێت، نەوەک لە بڕیاری خۆپارێزی."
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، " ئەمە یانی چی هەموو شتێك ئاسایی بێت بەس مێوزیك نەبێت، دڵنیام ئەو كۆمەڵ بەستنە هەر ڕوو دەدا جا خۆپارێزی لە كوێی ئەم فەوزایەیە."
ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە لە شەوی سەری ساڵدا ڵایڤ میوزیک لە کافتریا و شوێنە گەشتیارییەکاندا قەدەغە بێت، لە هەمانکاتدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سنوری هەرێم بەڕووی گەشتیارانی ئێرانیدا کرایەوە.