ناس کورد-
رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە، ڕاگەیاندنی مانەوەی هاوپەیمانێتی فەتحی هێزە شیعەكان بۆ رێگەبڕینە لە بانگەوازێكی سەدر كە داوای نۆژەنكردنەوەی ماڵی شیعەی كردبوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكدا ئەمڕۆ (26 كانونی یەكەم 2020) كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە باس لەوە دەكات هێزە شیعەكانی پێكهێنەری هاوپەیمانێتی فەتح رێگەیان بڕیوە لە بانگەوازی سەدر بۆ نۆژەنكردنەوەی ماڵی شیعە و مانەوەی خۆیان راگەیاند بە بەشداریی رێكخراوی بەدر، بزوتنەوەی عەسایب، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، لەگەڵ وردە هێزەكانیتری ناو حەشدی شەعبی بۆ ركابەریكردن لەهەڵبژاردنی داهاتوو.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم هەنگاوە هەروەها رێگەگرتنیشە لە بانگەوازی عەممار حەكیم كە داوای لیستی هەمەچەشنی سنوربڕ دەكات لەناو تایفەكان، هەروەها دەبێتە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی مالیكی و عەبادی و هێزەكانیتری شیعە رێگەی نوێ بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن بگرنەبەر.
لەدوا پێشهاتی سیاسی دۆسیەی هەڵبژاردندا هاوپەیمانێتی فەتح كە چەترێكە بۆ كۆكەرەوەی هێزە هاوپەیمان و شوێنكەوتەكانی ئێران لەناو حەشدی شەعبی، ئێوارەی پێنجشەممە (24 كانونی یەكەمی 2020) پارێزگاریكردنیان لەو قەوارە سیاسییەی ئێستا ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بە بەشداری هەریەك لە؛ هادی عامری، قەیس خەزعەلی، هومام حەمودی و ئەحمەد ئەسەدی، بڕیاریشە هادی عامری سەرۆكایەتیان بكات.
ئاماژەكان لەسەر ئەوەن لەناو شەقامی شیعی، ڕكابەری چاوەڕوانكراوی ئەم بەرە سیاسییە چەكدارە كە ناوی (الفتح)ـە، لیستی موقتەدا سەدر دەبێت كە لە نوێترین تویتی وەزیری دەستە ڕاستیدا (صالح محمد العراقي)، مەرجەكانی خۆپاڵاوتنی بۆ شوێنكەوتەكانی دیاریكردووە، سەدریبوونی پەتی، شەهید بەخشین، گوێڕایەڵی ڕەهای سەدر لەگەڵ بەمەرج گرتنی ئەوەی كە هیچ كات ئەو كەسە گومانی دروست نەكردبێت یان لەبەرەی جیابووەوەكان نەبووبێت لەڕەوتی سەدر.
لەدەرەوەی ئەم سێ جەمسەرەش هەندێ هێزی تری شیعە لە چەشنی ڕەوتەكەی حەكیم، هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی، حیزبی فەزیلە و شیعە عەلمانییە پەرەتەوازەكان لە كێبەركێكدان لەگەڵ كات، لەم میانەیەشدا چالاكی و جموجوڵیان چڕ كردووەتەوە بۆ دەركەوتن وەك ژمارەیەكی بەهێز لە كایە سیاسییەكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی 2021.