گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەدر چاوەرێی 100 کورسییە

هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 2021: شەڕەقۆچ لەنێوان حەشد و سەدردا

2020.12.25 - 22:04
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی 2021: شەڕەقۆچ لەنێوان حەشد و سەدردا

ناس كورد - راپۆرتی تایبەت
هەرچەندە سازكردنی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 2021 لەنێوان مانگی حوزەیران (6) و تشرینی یەكەم (10)دا هێشتا جێگەی شیكار و لێكدانەوە و پێشبینیكردنە، بەڵام ئامادەكاریی لیستەكان بۆ كێبەركێكردن لە 83 بازنەی هەڵبژاردندا لەسەرانسەری عێراق بەگەرمی بەڕێوە دەچێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

لەدوا پێشهاتی سیاسیدا هاوپەیمانێتی فەتح كە چەترێكە بۆ كۆكەرەوەی هێزە هاوپەیمان و شوێنكەوتەكانی ئێران لەناو حەشدی شەعبی، ئێوارەی پێنجشەممە (24 كانونی یەكەمی 2020) پارێزگاریكردنیان لەو قەوارە سیاسییەی ئێستا ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بە بەشداری هەریەك لە؛ هادی عامری، قەیس خەزعەلی، هومام حەمودی و ئەحمەد ئەسەدی، بڕیاریشە هادی عامری سەرۆكایەتیان بكات كە ئەمڕۆ لە ئاشتەواییەكی عەشایەرە سوننەكانی پارێزگای سەلاحەدین (تكریت) بە دەمامكەوە وتارێكی پێشكەش كرد، لەكاتێكدا ئەو ناوچەیە مۆڵگەیەكی تەقلیدی هێزە سوننەكانە.


ئاماژەكان لەسەر ئەوەن لەناو شەقامی شیعی، ڕكابەری چاوەڕوانكراوی ئەم بەرە سیاسییە چەكدارە كە ناوی (الفتح)ـە، لیستی موقتەدا سەدر دەبێت كە لەنوێترین تویتی وەزیری دەستە ڕاستیدا (صالح محمد العراقي)، مەرجەكانی خۆپاڵاوتنی بۆ شوێنكەوتەكانی دیاریكردووە، سەدریبوونی پەتی، شەهید بەخشین، گوێڕایەڵی ڕەهای سەدر لەگەڵ بەمەرج گرتنی ئەوەی كە هیچ كات ئەو كەسە گومانی دروست نەكردبێت یان لەبەرەی جیابووەوەكان نەبووبێت لەڕەوتی سەدر.


سەدرییەكان ریكلامی بەدەستهێنانی 100 كورسی دەكەن بە رەسیدی پێنج ملیۆن دەنگ، دواتریش بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق، ئەمە لەكاتێكدا دەسكەوتەكانی ئەم خولەیان بە (54) كورسییەوە بریتی بوو لە كۆنترۆڵكردنی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی بانكی ناوەندی و كۆمپانیای نەوتی سۆمۆ. هەرچەندە دەوترێت سەرۆكایەتی وەزیران بۆ سەدر ریكلامێكە زیادەڕۆیی زۆری تێدایە.

 

بەڵام لەكۆتاییدا هەواڵێكی ناخۆش و بێزاركەرە بۆ نوری مالیكی و لیستەكەی (دولة القانون) كە لە دوژمنایەتییەكی قووڵ و ئاڵۆزدان، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوێستەكردنە مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، لەرێگای كەناڵی ئەلعالەمی ئێرانییەوە هەموو پێشوازییەكی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ سەدر راگەیاند، لەگەڵ دەربڕینی ئامادەیی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران "ئەگەر داوای لێ بكرێت" بەپێی دەقی قسەكانی خۆی لە كەناڵە ئێرانییەكە.


لەدەرەوەی ئەم سێ جەمسەرەش هەندێ هێزی تری شیعە لە چەشنی ڕەوتەكەی حەكیم، هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی، شیعە عەلمانییە پەرەتەوازەكان لە كێبەركێكدان لەگەڵ كات، لەم میانەیەشدا چالاكی و جموجوڵیان چڕ كردووەتەوە بۆ دەركەوتن وەك ژمارەیەكی بەهێز لە كایە سیاسییەكە.

مستەفا کازمی لیستی نابێت!
ئەو ئاماژانەشی لەبەردەستدان لەسەر ئەوەن كە سەرۆك وەزیرانی ئێستا مستەفا كازمی هیچ لیستێكی هەڵبژاردنی تایبەت و ناوەندیی نابێت، رەنگە بەپاڵپشتیكردن لە لیستە سەربەخۆ و نوێ و گەنجانەكان ئەم هەڵبژاردنە بەشداری لەم هەڵبژاردنە بكات كە بەلای ئەوانەوە هۆیەكە بۆ چارەسەركردنی ئێستای قەیرانەكانی عێراق.

خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 وێستگەیەكی گرنگ بوون لە گۆڕینی نەخشەی سیاسی هێز و راسپاردنی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی ئەم كابینەیە، ئەم خۆپیشاندانانە كە دەوروبەری 600 كوژراو و هەزاران برینداری لێ كەوتووەتەوە هێزە سیاسییەكانی شیعە و شەقامی عێراقیشیان بەش كردووە بۆ دوو ڕەوتی سەرەكی كە پشتیوانانی خۆپیشاندەران و لایەنگران و شوێنكەوتوانی هێزە سیاسییە ئیسلامییە تەقلیدییەكانن.


ڕەوتی سەدر كە جەماوەریترین تەوژمی ناو شیعە هەژارەكانە و بانگەشەی وەرگرتنی سەرۆكایەتی وەزیران دەكات، 30 كورسیی لە یەكەم هەڵبژاردنی 2005 بەدەست هێناوە، لە 2010دا كورسییەكانی بەرز كردووەتەوە بۆ 39 كورسی ، لە 2014 گەشتووەتە 36 كورسی و لە 2018 لە ڕێگای هاوپەیمانێتیی سائیرون بە بەدەستهێنانی 54 كورسی بە پلەی یەكەم هات لەناو هەموو لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردن.


بەڵام لێكدانەوە نوێیەكان ئاماژە بەوە دەكەن ئەم ڕەوتە لەمپەر و كێشەی زۆری لەبەردەمدایە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران لەوانەش پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكا و كەمی ژمارەی ئەو كورسییانەی رەنگە زیادی بكات كە هیچ كات زۆرینەیەكی وەهای لەكۆی 329 كورسییەكەی پەرلەمانی عێراق پێ نادات كە خۆی خاوەن بڕیاری یەكلاكەرەوە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرەوی زۆر لەسەر هێزی نوێ و لێكەوتەكانی خۆپیشاندانی تشرینی 2019 هەیە كە رەوشی هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی 2021 بەجۆرێك قڵپ بكەنەوە كە وەك نەخشە تەقلیدییەكەی جاران نەبێت.