ناس کورد-
کەناڵێکى ئەمريكى ئاشکرایکرد، ئيدارەى دۆناڵد ترەمپ بژاردەكانى وەڵامدانەوەى هێرشى ميليشيا عێراقيیەكانى نزيك لە ئێرانى دياریكردووە لە ساڵيادى كوشتنى قاسم سولەيمانى و ئەبومەهدى موهەنديسدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تۆڕى CNBCى ئەمريكى لە ڕاپۆرتێكدا کە ناس کورد (25 كانونى یەکەمى 2020) بەدواداچوونى بۆ کردووە بڵاويكردوەتەوە، بەهۆى ئەنجامدانى هێرشەكان هەڕەشەكانى دۆناڵد ترەمپەوە بارودۆخەكە لەلێوارى گڕگرتندایە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، دواى كۆبونەوەى بەرپرسانى ئيدارەى ئەمريكا لە كۆشكى سپى و دياريكردنى بژاردەكانى وەڵامدانەوەى گروپە چەكداريەكان دۆناڵد ترامپ هەڕەشەى وەڵامدانەوەى هەر هێرشێكى بۆ سەر سەربازان و دبلۆماتكرانى وڵاتەكەى كردووە.
ئاژانسى ڕۆیتەرز (چوارشەممە، 23ى کانونى یەکەمى 2020) لەزارى گەورە بەرپرسێکى ئیدارەى ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە، بەرپرسانى دیارى ئاسایشى نیشتمانى لە کۆشکى سپى کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند بژاردەیەک سەبارەت بە گروپە چەکداریەکانى نزیک لە ئێران و هێرشەکانیان بۆ سەر سەربازان و دیپلۆماتکارانى ئەمەریکا لە عێراق، تاوتوێ کردوە.
بەپێى وتەى ئەو بەرپرسە، ئەو بەرپرسانە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەى بەم نزیکانە چەند بژاردەیەک لەو بارەیەوە بخەنە بەردەستى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا.
ئەوەشى ئاشکراکردوە، بەرپرسەكان هەریەکە لە کریس میللەر وەزیرى بەرگرى بە وەکالەت و مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوە و ڕۆبێرت ئۆبراین ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى تێدا بووە.
بەهۆى هێرشە موشەكيەكەى ئەم دواييە بۆ سەر ناوچەى سەوز زيانێكى مادى كەم بەر باڵيۆزخانەى ئەمريكا كەوت، بەدوايدا دۆناڵد ترەمپ لە تويتەرى خۆى ئێرانى بەو كارە تۆمەتباركرد و نوسيبوى، "ئێستا گوێمان لە هێرشى زياتريش دەبێت بۆ سەر ئەمريكييەكان، ئامۆژگارى ئێران دەكەم بەوەى ئەگەر يەك ئەمريكى بكوژرێت ئەوا بەرپرسارێتى دەخەينە سەر شانى، بيرى لێبكەرەوە".
لاى خۆشيانەوە ئێرانيەكان تۆمەتەكانى ترەمپيان ڕەتكردەوە و محەمەد جەواد زەريف وەزيرى دەرەوەى ئەو وڵاتە لە تويتەر بڵاويكردەوە، خستنە مەترسى كارمەندەكانتان لەدەرەوە سەرنجەكان لەسەر شكستە كارەساتبارەكانتان لە ناوەوە ناشارێتەوە.
لاى خۆشيەوە سەعيد خەتيب زادە وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران، تۆمەتەكانى ترامپى ڕەتكردەوە و وتى، هيچ بنەمايەكيان نييە و پێشتريش چەندين جار ئيدانەى هێرشەكانمان كردوە بۆ سەر دامەزراوە دبلۆماسيەكان و ناوچەكانى نيشتەجێبون و ڕاكێشانى پەنجەى تۆمەت بۆ ئێران بۆ زيادكردنى گرژيەكانە.
هەرچى سەبارەى بە هێرشە موشەكييەكەيە سەركردايەتى ناوەندى سوپاى ئەمريكا لە بەياننامەيەكدا بڵاويكردبوەوە، 21 موشەك نراون بە ناوچەى سەوزەوە و لەلايەن ميليشياكانى سەربە ئێرانەوە ئەنجام دراوە، زيانى مادى بەر ژمارەيەك بارەگا لە كۆمەڵگەى باڵيۆزخانەى ئەمريكا كەوتوە و زيانى گيانى بەدواوە نەبووە.
عێراقيش لە بەياننامەيەكى سەربازيدا ئەوەى ئاشكرا كردوە، 8 موشەك نراون بە ناوچەى سەوزەوە و زۆرينەيان لەنزيك تەلار و ناوچە چۆڵەكان كەوتونەتە خوارەوە و سەربازێكى عێراقى بريندار بووە.
گرژیيەكان بەرەو زيادبوون دەچن و لەكۆتا پێشهاتیشدا ژێردەرياييەكى ئەتۆمى ئەمريكى بە 154 موشەكى جۆرى كروزەوە گەروى هورمزى بڕى هەروەها دوو فڕۆكەى جۆرى B52 بەسەر ئاسمانى ناوچەكەدا سوڕانەوە و سوپاى ئەمريكاش جەختیكردەوە، ئامادەن بۆ هەر بژاردەيەك "ئێران و بەكرێگيراوەكانى" هەڵيدەبژێرن.