ناس کورد-
یاریزانانی یانەی وەرزشیی چەمچەماڵ کە سبەینێ لە خولی نایابی کوردستان بەرامبەر شێروانە لە کەلار یاری دەکەن، بە ئۆتۆمبێلێک دۆشەک و بەتانی و سەرین لەگەڵ خۆیاندا دەبەن بۆ کەلار، سەرۆکی یانەکەش دەڵیت، پارەی ئوتێل و نانخواردنی یاریزانەکانیان پێنیە و ئەمشەو لە باخێکدا دەخەون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیارە کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی سبەینێ لە شاری کەلار، لە میانەی یارییەکانی خولی نایابی کوردستان هەردوو یانەی چەمچەماڵ و شێروانە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، هەربۆیە یانەی چەمچەماڵ ئەمڕۆ بەرەو کەلار بەڕێککەوتن.
بڵاوبوونەوەی وێنەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پیکابێکە لە بەردەم بینای یانەی چەمچەماڵ و پڕ کراوە لە پێخەف، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
ڕێبوار خدر، سەرۆکی یانەی چەمچەماڵ (پێنجشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " چیرۆکی ئەو وێنەیەی بڵاوبووەتەوە ئەوەیە کە یانەکەت لە خولی نایابی کوردستان بێت و بچیت بۆ کەلار و پارەی هۆتێل و نانخواردنی یاریزانانت پێ نەبێت، لێرەوە یاتاخ (دۆشەک و بەتانی وسەرین) بۆ یاریزان ببەیت بۆ کەلار و تەکلیف لە برادەرانت بکەیت تا باخێکت بۆ یاریزانەکانت بۆ دابین بکەن."
ئاماژەی بەوەشكردووە، "خوا ئاگادارە ئەڵێی تاوانمان ئەنجام داوە دەرحەق بە چەمچەماڵ، ئەرێ هەر بەجدی ئێمە ناوی شار و یانەمان بەرز و جوانتر کردووە یان ناشیرینتر و قێزەون کردووە ، بڵێی ئێمە هەڵە بین ئەم شارەی ئێمە شایەنی نایاب بوون نەبێت."