گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەڵوێستێک لە پارتییەوە

پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر پڕۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوک ڕاگەیاند

2020.12.24 - 16:17
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی هەڵوێستی خۆی لەسەر پڕۆژەی بەهەرێمکردنی کەرکوک ڕاگەیاند

ناس کورد-

سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك بێ ئەنجام دەبێت و ئەوەی دەشكرێت، خەڵكێكی خیانەتكار و شۆڤێنین و دژی مافی گەلی كوردستان و گشت عێراق و پێكەوەژیانی ئاشتیانەن، دەشڵێت، كەركوك خاوەنی ھەیە و ئەو خاوەنەش دەست لە مافەكانی گەلی كوردستان ھەڵناگرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. كەمال كەركوكی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پێنجشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2020) بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "راگەیاندنی پڕۆژەی بەھەرێمكردنی كەركوك، دەستی خیانەتكارانی لە پشتەوەیە، بۆ یەكلاكردنەوەی ئایندەی كەركوك، لە دەستووری عێراق ماددەی ١٤٠ دانراوە و ئەو ماددەیەش بۆ دیاریكردنی ئایندەی كەركوكە، كە دانیشتووانی بۆ ئایندەی شارەكە لە ڕیفراندۆمێكدا بە ئازادی دەنگ دەدەن، كە ئایا ئیدارەكەی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەبن یاخود لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بێت، ئەو ڕیفراندۆمەش بۆ ئیدارەدانێتی نەك بۆ چارەنوسی خاكەكەی".

 

وتیشی، "ئەوەی ئێستا ھەوڵی بۆ دەدرێت، خەڵكێكە بۆ ئەوەی شتێكیان دەست بكەوێت خۆیان ھەرزانفرۆش كردووە لەگەڵ خەڵكێكی شۆڤێنی دژی مافی گەلی كوردستان و خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستانن و ئەوەی من ئاگادارم لە كۆنفرانسەكەدا چەند كەسێكی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر ھەڵوێستی پاكی خۆیان نیشان دا دەربارەی ئەو بۆچوونە و وتیان، كەرکوك نابێتە ھەرێمێك و ماددەی ١٤٠ بۆ  یەكلایكردنەوەی ئایندەی كەركووك دانراوە".

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئاگادارین بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ ھەیە وەك سەردەمی سەدام، كە كەركوكی پارچە پارچە كرد و ھەر جارەو پارچەیەكی خستە سەر پارێزگایەك، بۆ ئەوەی ڕێژەی كورد لە كەركوك كەم ببێتەوە، لەو كارانەی كردیان ناحیەی زابی كە سەر بە شەرگاتی مووسڵ بوو، خستیە سەر حەویجە بۆ ئەوەی نفوسی عەرەبی كەركووك زیاد بكات، چەمچەماڵی لە كەركووك دابڕی و خستیە سەر سلێمانی و دووزی لە كەركووك لادا و خستیە سەر تكریت (سەڵاحەددین) و زۆر موڵكی لە كورد و توركمان  سەند و دای بە عەرەب، ھەموو ئەو ھەوڵانە بۆ ئەوە بوو ڕێژەی كورد لە كەركووك كەم بكەنەوە و ژمارەی عەرەب زیاد بكات، كە ئەو كارە شۆڤێنیانەی ئەو سەردەمە، ھێشتا بە تەعریب و شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە."

 

کەمال کەرکوکی جەختیشیکردووەتەوە، "ئەو کارانە ئەنجامەكەی پوچە، چونكە كەركوك خاوەنی ھەیە و دەست لە كەركوك و ھیچ مافێكی خۆشی ھەڵناگرێت".