گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هەڵوێستی توركیا لە رادەستكردنی نەوتی كوردستان بە بەغدا

2020.12.23 - 18:13
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵوێستی توركیا لە رادەستكردنی نەوتی كوردستان بە بەغدا

ناس کورد-

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانی عێراق و توركیا تایبەت بە "ناس کورد"ی راگەیاند كە ئەنقەرە لاری نییە لە رێككەوتنی هەولێر و بەغدا بەرادەستكردنی نەوتیشەوە چونكە بڕیارە عێراق و توركیا لە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بچنە قۆناغی وەبەرهێنان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

سەرچاوە تایبەتەكەی "ناس كورد" لە بەغدا ئەمڕۆ (23 كانونی یەكەمی 2020) روونیكردەوە، لەدوا سەردانی شاندی عێراق بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی بۆ توركیا یەكێك لەو تەوەرانەی باسكراوە ئەگەری گێڕانەوەی نەوتی هەرێم بووە بۆ ژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و لەمبارەیەوە توركەكان كێشەی گەورەیان نەبووە بەتایبەت كە بڕیارە پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا لە قۆناغی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بچێتە قۆناغی وەبەرهێنان لەسەر شێوازی پەیوەندی ئابووریی عێراق و سعودیە و ئێستا.

 

بەگوێرەى زانیارییەكانی "ناس" ژمارەیەك لەو كۆمپانیا بیانیانەی بەهۆی وەبەرهێنان كردن لە نەوتی كوردستانەوە خراونەتە لیستی ڕەشی عێراقەوە، لارییان نییە لەپێداچوونەوە بەگرێبەستەكانیان بۆ ئەوەی لەكەرتی وزەی عێراقدا ببنە خاوەن پرۆژە كە داهات و گرنگیی ئابووری هەندێ كات زیاترە لەوەی دەستیان دەكەوێت لە كوردستان.

 

هەر لەم میانەیەدا "ناس کورد" ئەوەشی زانیوە وەك بیرۆكەیەكی بەرایی ئەوەش پێشنیار كراوە كە نەوتی كوردستان لەجیاتی هەناردەكردن بنێردرێت بۆ پاڵاوتن لەناوخۆی عێراق و حكومەتی فیدراڵی لەنەوتی باشور پشكی خۆی لە ئۆپێك هەناردە بكات كە هێشتا سەرڕێژیشی هەیە لەوەی بۆی دیاری كراوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی دانوستانەكان و جۆری گرێبەستەكان و رەهەندە سیاسییەكانی دۆسیەی نەوت چارەسەرەكان هێشتا هەر لە قۆناغی تاوتوێكردندان و روون نییە بەتەواوەتی چارەسەرەكان چۆن دەبن.

 

دۆسیەی نەوت یەكێكە لە لەمپەرەكانی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا، لەدوا گەڕی دوو هەفتەیی دانوستانی هەرێم و بەغداشدا هەرێم ئامادەیی دەربڕیوە بەهای نەوت رادەستی بەغدا بكات و بۆ رادەستكردنی نەوت رایگەیاندووە "ئەو بڕیارە لەسەروو دەسەڵاتی ئەوانە و پێویستی بە كۆدەنگی لایەنە كوردییەكان هەیە".

 

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى