گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی ژیانیان

کچان و ژنانى تەنیا لە ڕۆژهەڵات بە جلى پیاوانەوە کۆڵبەرى دەکەن

2020.12.21 - 21:49
App store icon Play store icon Play store icon
کچان و ژنانى تەنیا لە ڕۆژهەڵات بە جلى پیاوانەوە کۆڵبەرى دەکەن

 ناس کورد-

هاوشانى پیاوانى کۆڵبەر، لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەشێک لە ژنان دەستیانداوەتە ئەو کارە سەختە بۆ پەیداکردنى بژێوى خێزانەکانیان، دواى ئەوەى مێرد یان کەسە نزیکەکانیان لەو رێگەیەدا تیاچوون یان تواناى کارکردنیان نەماوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتێکى پێگەى "ئێران‌ وایەر"ى ئێرانى (21ی کانونی یەکەمی 2020) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، زۆربەی ئەو ژنانەی کە کۆڵبەری دەکەن لە هەورازەکانی "ژاڵانە" لە هەورامان تەنیان، چونکە یان مێردەکانیان کاریان پێناکرێت یان گیانیان لەدەست داوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە



ئاماژە بەوەشکراوە، زۆربەی ئەم کۆڵبەرانە خوێندەوارن یان دەستی شارەزای کۆمەڵێک کاری وەک بەرهەمهێنانی پیشە دەستییەکان و خواردنە لۆکاڵییەکانن بەڵام سەرمایەیەکیان بە دەستەوە نییە ئیش و کارێکی تایبەت بە خۆیان ڕێبخەن.



"گلارە" ناوی خوازراوی ژنێکی کۆڵبەرە لە ناوچەی "هەورامان" دەڵێت "ژنێکی زۆر خەریکی کۆڵبەرین؛ کاتێک هاوسەر و منداڵانی ژنێک بۆ کۆڵبەری چون و ئێستا چیتر کاری پێ‌ناکرێ یان گیانیان لە دەست داوە، دەبێت ئەو ژنە چ بکات؟ چۆن خەرجی ژیان و بژێویییەکەیان پەیدا بکات؟ کەواتە ڕوو دەکاتە کۆڵبەری و هیچیش بە کەس ناڵێت".



دەشڵێت، "ژنانی کۆڵبەری ناوچەکە زۆرجاران بەبێ ئەوەی بە کەسێک بڵێن، جلی پیاوان لەبەر دەکەن و بەرەو ژاڵانە وەڕێ دەکەون. سیما و ڕوخساریان لەبەر کاری دژوار و گران جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ پیاوان نییە. تەنانەت ئەگەر جوێنیشیان پێ‌بدرێت، جواب نادەنەوە بۆ ئەوەی کەس پێیان نەزانێت کە ئەوانە ژنن."



گلارە ئاماژە بە ژنێک دەکات کە دوای ئەوەی مێردەکەی بەر فیشەک دەکەوێت، ڕوو دەکاتە کۆڵبەری. پیاوەکە قاچێکی لە دەستدا و لە ماڵەوە کەوت. ئێستا چیتر ئەوە ژنەکەیە کە دەبێت بۆ تێرکردنی منداڵەکانی، بار و کۆڵی ژیانەکە هەڵبگرێت؛ هەم باری گرانی ژیان و هەم کۆڵی گرانی شمەک و کاڵاکان لە هەورازە مەترسیدارەکاندا. بەڵام کۆڵێکی بچووکتر هەڵدەگرن و هەر بەو پێیەیەیش پارەیەکی کەمتر وەردەگرن.



بە شێوەی مامناوەند ئەگەر هەر پیاوێک دەتوانێت 50 کیلۆ بار هەڵبگرێت، کۆڵی ژنەکانیش لە نێوان 15 تا 20 کیلۆیە؛ واتە ئەوان هەموو ڕۆژێک و بەو هەمووە مەترسییەوە کە دێتەسەر ڕێگەکەیان، لە کۆتاییدا 150  تا 200 هەزار تمەن وەردەگرن.



"مێهریاد"، یەکێک لە چالاکوانانی مەریوانی شایەتى دەستبەسەرکردنى ژنێکى کۆڵبەرە لەلایەن پۆلیسەوە و دەلێت "بیرمە کاتێک سەربازێک زانی کۆڵبەرەوکە ژنە، پێیوت "ئەوە تۆیت سەربەرزی دەبەخشیت نەک من!" هەڵبەت ئەمە نموونەیەکی دەگمەنە".



کۆڵبەرەکان بە شێوەیەکی مامناوەند لە هەفتەیەکدا جارێک دەچن بۆ کۆڵبەری. ئەوان بۆ بڕینی هەورازە سەختەکانی ژاڵانە، دەرمانی، لەوانە "ترامادۆڵ" دەخۆن، بۆ ئەوەی بەرگەی ئەو ڕێگایە بگرن. ئەوانەیشی کە لەم ڕێگەیەدا زیانیان بەردەکەوێت و بریندار دەبن، پێویستیان بە یارمەتیدان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ڕێوشوێنی یاسایی بۆ بەرگری لە خۆیان بگرنە بەر. زۆربەیان پێویستیان بە دەرمانە بەڵام تێچووەکەی ئەوەندە زۆرە کە ناتوانن بیکڕن و ناچارن بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ بەرگەی ئەم ژان و ئازارە بگرن.



سەدان کەس لە ژنان و پیاوان هەموو ڕۆژێک لە هەورازی شاخە جۆراوجۆرەکان کۆڵیان بە شانەوەیە؛ کۆڵێک کە بۆ ئەوان وەبیرهێنەرەوەی هەزاران چیرۆکی سەربەمۆرە. حکومەت دەڵێت لە ئێراندا پیشەیەک نییە ناوی کۆڵبەری بێت و هەر لەبەر ئەوەش بیمە ناکرێن.