گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

سەڵاحەدین و دیالە و نەینەواى گرتۆتەوە

كشتوكاڵی عێراق: نزیکەى 2 هەزار دۆنم زەوى چێندراو بە گەنم و جۆ سوتاون

2019.05.19 - 20:58
App store icon Play store icon Play store icon
كشتوكاڵی عێراق: نزیکەى 2 هەزار دۆنم زەوى چێندراو بە گەنم و جۆ سوتاون

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- فۆئاد عەبدوڵا وەزارەتى كشتوكاڵی عێراق ئاشکراى کرد، بەهۆى ئاگرەوە لە دیالە و سەلاحەدین و نەینەوا نزیکەى 2 هەزار دۆنم زەوى چێندراو بە گەنم و جۆ سوتێندراون، وتەبێژى وەزارەتەکەش دەڵێت، دەستێک لە پشت ئەو ڕوداوانەوەیە. . حەمید نایف وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی هەموو هەوڵێكی خستۆتەگەڕ بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ئاگركەوتنەوەى خەلەى گەنم و جۆى جوتیارانى عێراق، وتیشی: "ئێستا وەرزی دروێنەى گەنم و جۆیە و هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە عێراق بۆ ئەمساڵ دانەوێڵە هاوردە نەكات، بەڵام  دەستی ناحەزان كەوتۆتە ئاگر بەردان لەو خەلانە کە سامانى وڵاتن". . وتەبێژەکەى کشتوکاڵى عێراق وتیشی: "ئەو ناوچانەی خەلەکانیان سوتێندراوە، ناسراون بە بوونی خانەی نوستووی داعش تیایاندا، یان باری ئاسایش تیایاندا بەهێز نییە، هەروەها هۆكاری ئەو ئاگركەوتنانە دەخەینە ئەستۆی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان ناوچەكە، چونكە كاتی سوتانەكەی وەرزی دروێنە و كۆكردنەوەی بەروبومە کە بە بچوکترین بڵێسە ئاگر تەشەنە دەکات". . "تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 800 دۆنم زەوی چێندراو بە گەنم و جۆ سوتاون، هەزار و 200 دۆنمیان لە سەڵاحەدین، 600 دۆنم لە دیالە و 18 دۆنمیشیان لە موسڵ بوون، هیوا خوازین ئەم دیاردەیە تەشەنە نەكات و كارنەكاتە سەر ڕێژەی قەبارەی بەرهەمهێنانى گەنمى ئەمساڵ"، حەمید نایف واى وت. . سەبارەت بە قەرەبوكردنەوەی جوتیاران، حەمید نایف وتى، دەیانەوێت بەزوترینكات و لەماوەی پێنج ڕۆژدا سەرجەم گەنم و جۆکان بدورنەوە، داواکاریشیان ئاڕاستەى پارێزگاكان کردووە ڕوپێوی زیانەکان بکەن. .   ساڵانە لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و وشکبوونى خەلە و پوش و پاوەن، ڕوداوەکانى ئاگرکەوتنەوە زیاد دەکەن، ئەمساڵ هێشتا پلەکانى گەرما بەوجۆرە بەرز نەبوونەتەوە بەڵام چەند ڕۆژێكە ئاگر بەشێکى زۆرى گەنم و جۆى چەند پارێزگایەکى عێراقى گرتۆتەوە. . .