ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، تەنیا پشت بەستن بە عێراق لە مەودایەکی درێژخایەندا ھەرێمی کوردستان بەرەو ھەڵدێر دەبا و دەڵێت، بە دوو بڕیار دەتوانرێت 70 ملیار دینار بۆ داهاتی هەرێم زیاد بکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حەمە ساڵح لە نوسێنێکدا کە لە پەیجی خۆی لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (19ی کانونی یەکەمی 2020) بڵاویکردووەتەوە، "بە دوو بڕیار دەتوانرێت 70 ملیار دینار بۆ داهاتی هەرێم زیاد بکرێت، لەوانەش بڕیاردان بۆ گواستنەوەی ئاڵوگۆڕی دراو لە بانکی ئەھلیەوە بۆ سێ بانکی حکومەت لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، بۆ ئەوەش ئێستا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری ھەیە ھەر 100 دۆلار بە 145 ھەزار بفرۆشێت و پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری 150 ھەزاردا لە بازاڕ جێگیر ببێت، داھاتی نەوت نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە و بەم میکانیزمە نوێیە نزیکەی 55 ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێم زیاددەبێت و بۆ ئەوەش یەک نوسراوی بانکی ناوەندی نییە بڵێ کارێکی وا مەکەن و ڕێگری بکات لەو هەوڵە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلی حەمە ساڵح بڕیاری دووەمی بۆ زیادبوونی داهاتی هەرێم ئاشکراکردووەو رایگەیاندووە، لە ساڵی نوێوە پاراستنی سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازیەکان لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەربگیرێتەوەو ھێزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەم کێڵگانە لە ئەستۆ بگرن، ئەم بڕیارەش نزیکەی 15 ملیار دینار بۆ داھات زیاددەکات، بەوەش هەردوو بڕیارەکە نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاددەبێت.
دەقی نوسینەکەی عەلی حەمە ساڵح:
تەنیا ئەم دوو بڕیارە ٧٠ ملیار دینار بۆ داھاتی حکومەت زیاددەکات
دۆخی ئابوری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە، تەنیا پشتبەستن بەنەوت و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەندەڵی ؛ نەھامەتی گەورە دێنێ..
ڕێککەوتنی ھەرێم لەگەڵ عێراق کارێکی زۆرباشە، بەڵام بەبێ چاکسازیەکی ڕیشەیی لەنێوخۆدا ئەستەمە ھیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بگاتە ئەنجام..
بە پێشنیارەکانمان بۆ چەند بڕیارێکی گرنگن، دەریدەخەین کە چۆن ھەرێم دەتوانێت لەم دۆخە دەربازی ببێت.. ئەگەر ئیرادە ھەبێت...
دوو بڕیاری گرنگ ، کە پێویستە سەرۆکی حکومەت بیدات.
یەک: بڕیاری سەرۆک وەزیران :
بڕیارماندا ئاڵگۆڕی دراو لە بانکی ئەھلیەوە بگوازینەوە بۆ سێ بانکی حکومەت لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک... بازرگان و کۆمپانیاکانی دراو دەتوانن دۆلار بکڕن، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە وەزارەتی دارایی ڕێکیدەخات.
ھەتاوەکو سەرەتای ٢٠١٩ گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار تەنیا بۆ بانکی کوردستانی ئەھلی بوو بە نرخی ١١٨ ھەزار دینار بۆ ١٠٠ دۆلار، ھەندێک مانگ ١٠ ملیارو ھەندێک مانگیش گەشتوتە ٢٥ ملیار دینار قازانج..
پاشان درایە RT BANK بە نرخی ١٢٠ ھەزار بۆ ١٠٠ دۆلار...
ئێستا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری ھەیە ھەر ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ ھەزار بفرۆشێت و پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری ١٥٠ ھەزاردا لە بازاڕ جێگیر ببێت...
ئێستا مانگانەی داھاتی نەوت نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارەو بەم میکانیزمە نوێیە نزیکەی ٥٥ ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێم زیاددەبێت..
پێش کۆرۆنا ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێدەکرا، بە زیادبونی داھاتی نەوت ئەم بڕەش (٥٥ ملیار دینا) زیاددەکات..
ئەوانەی نایاندەویست ئەم پرۆسە سەر بگرێت، بیانویەکیان ھەبوو، دەیان وت: بانکی ناوەندی عێراق ڕەزامەند نیە!!
یەک نوسراوی بانکی ناوەندی نیە بڵێ کارێکی وا مەکەن.. ئەی چۆن ڕەزامەندە ھەمووی بدرێتە بانکێکی ئەھلی بە قۆرخکاری و ئەو بیخاتە بازاڕ! بەڵام نابێت بانکی حکومەت ئەم کار بکات!
دوو: بڕیاری سەرۆک وەزیران:
بڕیارماندا لە ساڵی نوێوە پاراستنی سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازیەکان لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەربگیرێتەوەو ھێزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەم کێڵگانە لە ئەستۆ دەگرن..
ئەم بڕیارەش نزیکەی ١٥ ملیار دینار بۆ داھات زیاددەکات.
ژمارەیەک بەرپرس دژی ئەم بڕیارەن و ئێستا لێی سودمەندن، کێ ڕێگربوو ھەڵمەتێکی دژ دەکرێت، بەدڵنیایی ڕێگریەکە کاتی دەبێت و بڕیارەکەش سەردەگرێت..
بەم دوو بڕیارە نزیکەی ٧٠ ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاددەبێت، چەندین بڕیاری دیکەی گرنگ ھەن پێویستە دەربکرێن بۆ گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دینار بۆ داھاتی گشتی..
ھیواموایە ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق بکرێت بۆ نەوت و موچە، بەبێ ڕێککەوتن قەیران دروستدەبێت، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت و دەست بۆ چاکسازی لە فایلە گرنگەکانیش نەبرێت، قەیرانەکە خنکێنەر دەبێت..
...........
تەنیا پشت بەستن بەعێراق لە درێژخایەندا ھەرێمی کوردستان بەرەو ھەڵدێر دەبا...
عێراق خۆی ئێستا لەژێر باری قەرزێکی زۆردایە، دانیشتوانی گەشتوتە ٤٠ ملیۆن و لە دە ساڵی ئایندەدا دەبێتە ٥٣ ملیۆن، جیلێکی نوێی سیاسی لە عێراق بڕیاردەرن بەتایبەت لە پەرلەمان بێ بەرامبەر ھیچ شتێک بۆ ھەرێمی کوردستان نانێرن..
تەواو لە مەترسی قۆناغەکە گەشتوم، چارەسەری ڕیشەیی بۆ دەربازبوونی ھەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی خنکێنەر لە پاڵ ڕێککەوتن کۆمەڵێک بڕیار گرنگن بۆ چاکسازی، ئێمە بە پێشنیارو بەدواداچون وردەکاری ئەو بڕیارانە دیاری دەکەین، ئەرکی حکومەت دەرچواندنی بڕیارو جێبەجێکردنیەتی...
عەلی حەمە ساڵح