ناس کورد-
لە ناحیەی شیلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی پێشمەرگەیەك لە ماڵەکەی خۆی بەچەكی كڵاشینكۆف خۆی کوشت، بەڕێوەبەری ناحیەکەش دەڵێت، تا ئێستا هۆکاری خۆکوشتنەکەی دیاری نییە و تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی پارێزگای دهۆک کراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وارشین سەلمان، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێی سەربە قەزای ئامیدی، لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ( 18ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ پیاوێکی تەمەن 45 ساڵ کە پیشەی پێشمەرگەیە بە کوژراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزراوەتەوە".
وتیشى، "بەپێی زانیارییەکان، پێشمەرگەکە ناوی (ع، ح) و لەماڵەکەی خۆی لەڕێگەی چەکی كڵاشینكۆفەوە خۆی کوشتووە".
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ ئاماژەی بەوەشکرد، "تائێستا هۆکاری خۆکوشتنی ئەو کەسە نەزانراوە، لێکۆڵینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامن، تەرمەکەشی ڕەوانەی پزیشکی دادی دهۆک کراوە" .
لەلای خۆشیەوە یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەو پێشمەرگەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند، تا ئێستا ئەوانیش نازانن هۆکاری خۆکوشتنەکە چیبووە و کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکا نەبووە. وتیشی، ناوبراو لە ڕووی داراییشەوە هیچ کێشەی نەبووە و سەیارە و خانوویشی هەبووە و خێزاندارە و دوو هاوسەریشی هەیە.