گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چارەسەری کێشەی موچە

ڕاگەیەندراوێک لە نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەران لەبارەی چارەسەری کێشەی موچە

2020.12.18 - 15:00
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەندراوێک لە نوێنەری مامۆستایان و فەرمانبەران لەبارەی چارەسەری کێشەی موچە

ناس کورد-

ئەو شاندەی بەناوی ژمارەیەك لە نوێنەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران و چالاکوانانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد گەڕانەوە هەرێم و ڕایانگەیاند، داوایان کردووە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ڕێگایەکی ئەمین بگاتە دەست فەرمانبەران، دەشڵێن، لەئێستادا ئیرادەی پشتیوانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكان بە قازانجی مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهێزە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا شاندەکە (هەینی 18ی کانوونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، " لە چوارچێوەی فشارە مەدەنیەكان و هەوڵەكانی باشكردنی بژێوی و موچەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە فەرمانبەران و مامۆستایان و چالاكوانانی مەدەنی سەردانی بەغدادمان كرد، لەو سەردانەدا چەندین كۆبونەوەی گرنگ بەڕێوە چوو بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك كە بتوانێت چارەسەری قەیرانی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە، "گرنگترینی ئەو سەردانانە کە ئەنجام دران لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێزان، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، محمد حلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، حسن كعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، عمار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، سەرۆك و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، نوێنەرانی گروپی 15 لە پەرلەمانی عێراق، كوتلەی سائیرون، لیژنەكانی نەوت و گاز و پەروەردە و خوێندنی باڵا، بەشێك لە لایەنە سیاسیە عێراقیەكان و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنە جیاوازەكانی پەرلەمانی عێراق."

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لە تەواوی ئەو دیدارانەدا وێڕای نیگەرانی لە گەندەڵی و بڕینی مووچەی فەرمانبەران لە چەند ساڵی ڕابردوو و ڕێككنەكەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و یاریكردن بە قوت و بژێوی هاوڵاتیان و فەرمانبەران، داوامان كرد لە چوارچێوەی دەستووردا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێ سیاسیەكان دەر بهێنرێت و چیتر هیچ سیاسیەكی شكستخواردوو نەتوانێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی شەخسی و حیزبی مووچە و بژێوی خەڵك بەكار بهێنێت نە لە هەرێم و نە لە بەغدا."

 

شاندەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە هەمان كات داوامانكرد كە ڕێگایەك بگرنەبەر كە تیایدا مووچە و بەرژەوەندیەكانی هەرێم تێیدا پارێزراوبن و جیاوازی نەكرێت لە نێوان موچە خۆرانی هەرێم و بەغدا و مووچەی هەرێم بە ڕێگای ئەمین بگاتە دەست فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان."

 

ئاماژە بەوەشكراوە، "لەدیدارەكاندا تەواوی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هۆكارەكانی ڕێكنەكەوتنی هەرێم لەگەڵ بەغداد ڕوونكرانەوە، وە تەواوی ئەو ڕێگایانەیان خستە بەرچاو كە دەگیرێنەبەر بۆ چارەسەركردنی خاڵە ناکۆکەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، خۆشبەختانە لە ئێستادا ئیرادەی پشتیوانی خەڵك و چارەسەركردنی كێشەكان بە قازانجی مووچەخۆران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهێزە و بەهەوڵی ژمارەیەك نوێنەری كورد لە پەرلەمانی عێراق توانراوە پەیامەكانی خەڵكی كوردستان بەباشی بگاتە ناوەندی بڕیاری بەغدا و كۆدەنگی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دروست بكەن بە قازانجی خەڵكی هەرێمی كوردستان."