گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوا پەرەسەندنی دانوستانەکان

دوا پەرەسەندنی دەیەم ڕۆژی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا

2020.12.18 - 13:15
App store icon Play store icon Play store icon
دوا پەرەسەندنی دەیەم ڕۆژی دانوستانەكانی هەولێر و بەغدا

ناس کورد-

دوو سەرچاوەی ئاگادار لەبەغدا باس لەوەدەكەن شاندی حكومەتی هەرێم پاش 10 رۆژ لەگفتوگۆ و دانوستان لەبەغدا چاوەڕێی خەرجكردنی بڕی 320 ملیار دینار دەكەن بۆ ئەمساڵ و لایەنە عێراقییەكانیش ئاراستەی گفتوگۆكانیان بەرەو بودجەی 2021 چڕ كردووەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی، فەرهاد عەلائەدین ئەمڕۆ (18 كانونی یەكەمی 2020) لە بەغداوە بۆ "ناس كورد"ی روونكردەوە، حكومەتی هەرێم بەتەمای خەرجكردنی 320 ملیار دینارە بۆ موچەی 2020، لە ژێریشەوە هەندێ گفت بۆ خەرجكردنی ئەمە دراوە بەجۆرێك لە جۆرەكان، بەڵام لەترسی كاردانەوەكانی پەرلەمان دواكەوتووە و لەوێ بە شاندە كوردییەكە وتراوە واز لەمساڵ بهێنن و باسی ساڵی ئایندە (2021) بكەن.

 

لەلایەكیترەوە پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەكێتی، رێزان شێخ دلێر لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەیەکی بۆ "ناس كورد" نێردراوە، هۆكاری دواكەوتنی هەناردەی پارەی بەغدا دەگێڕێتەوە بۆ "دەستی دەستی پێكردن بەهۆی نەبوونی سیولەی دارایی لە بانكی ناوەندیی عێراق و نەبوونی بەرچاوڕوونی لەبارەی داهات لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە".

 

 بەوتەی رێزان شێخ دلێر، "هیچ شتێك نەماوەتەوە حكومەتی هەرێم پێشكەشی بكات و وەڵامدانەوەی گەشتووەتە ئەوپەڕی و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی حكومەتی فیدراڵییە".

 

هەر لەو میانەیەدا ئەندامی لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان هوشیار عەبدوڵڵا شەوی ڕابردوو  (17/ 18 كانونی دووەمی 2020) رایگەیاند، "شاندەکەی هەرێم چاوەرێن کازمی لە تورکیا بێتەوە و شتێک بۆ هەرێم پێش سەری ساڵ سەرف بکا".

 

لەلایەکی دیکەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی راوێژكاری عێراقی پێیوایە، چارەسەری كاتی هیچ كەڵكی نییە و دەڵێت، "باشترین چارەسەر ئەوەیە سەركردە كوردەكان بێنە بەغدا و لەگەڵ سەركردەكانی ریزی یەكەمدا بكەونە گفتوگۆ دەربارەی ئایندەی عێراق چونكە ئێستا گەیشتوین بە وێستگەیەكی دارایی و سیاسی كە دوو رێیانە، ئەمەش لێكگەیشتنی نوێ دەخوازێت".

 

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران پاش سەردانێكی یەك رۆژە لەساتە بەراییەكانی سپێدەی ئەمڕۆ هەینی گەڕایەوە بۆ بەغدا، بەر لەوەش قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی حكومەتی هەرێم لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەگەرچی نەگەشتوونەتە رێككەوتنێك بۆ ڕاگەیاندن، بەڵام زۆر قۆناغیان بڕیوە و وتی "گەشبینم و ئیشەڵڵا بەشكست ناگەڕێینەوە بۆ هەولێر".

 

قوباد تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی  الدجلة"ى عێراقى (پێنجشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2020)، ڕایگەیاند، " حەزم دەكرد ڕێككەوتنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا هەبوایە ئەمشەو ڕامانگەیاندایە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوین بەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەشبینم و ئیشەڵڵا بە شكستەوە ناگەرێینەوە."  

  

وتیشی، " بڕیارە شاندێکی سیاسی لە سەرۆکایەتیی حزبە کوردییەکان بێنە بەغدا بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر کێشەکان."  

  

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرێم بەشێکى زۆر کەم بودجەى لە عێراق وەرگرتووە کە 320 ملیار دینار بووە و ئەوەش کێشەى ناوچەکانى ترى عێڕاقى پێ چارەسەر ناکرێت، کێشە لە سیستمى سیاسیدا هەیە و هەموومان بەشێکین لە کێشەکە."  

  

باسی لەوەشكرد، "گەشبینم ئەگەر دووربکەوینەوە لە موزایەدە سیاسییەکان دەتوانین هەموو عێراق بگەڕێنینەوە بۆ خۆشگوزەرانی من لە ساڵی نوێ-دا سەردانی چەند پاڕێگایەکی عێراق دەکەم."  

 

جەختیشیکردەوە،  "ئەوەى نەهامەتى پارێزگاکانى ترى عێڕاق دەخرێتە ئەستۆى هەرێمى کوردستان کارەساتە و لەساڵى 2014ەوە پشکى هەرێم بە تەواوەتى بڕدراوە، دەشپرسێت، لە 2014وە لەوکاتانەی بودجەی هەرێم بڕدراوە، پارەکەی بۆ کوێ چووە؟."