ناس کورد-
سەرلەئێوارەى ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق لەبارەى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار کۆبوونەوەیەکى بەپەلە ئەنجام دەدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوێکى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە (17ى کانونى یەکەمى 2020) ئاماژە بەوە کراوە، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار و ڕەشنووسى یاسایى بودجەى ساڵى 2021ى عێراق سەرلەئێوارەى ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لیژنەکە کۆبوونەوەیەکى بەپەلە دەکات.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە حکومەتى عێراق لە رەشنووسى بودجەى فیدراڵیدا بۆ ساڵى 2021، نرخێکى نوێى بۆ بەهاى دۆلار پیشنیار کردووە و بەگوێرەى ئەو رەشنوسە بەهاى 100 دۆلارى ئەمریکى دەگاتە 145 هەزار دینارى عێراقى.
بەگوێرەى رەشنووسى بودجەى فیدراڵى 2021 کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە داهاتى عێراق بە 91 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و رێژەى کورتهێنان بە 58 تریلیۆن دینار.
هەر بەگوێرەى ئەم رەشنوسە حکومەت نرخى دۆلار لە بانکى ناوەندیی بەرزدەکاتەوە بۆ 145 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک.
بەگوێرەى سەرچاوەکان ئەم رەشنوسە هێشتا بەراییە و قابیلى گفتوگۆکردنە و پەسەند نەکراوە و رەخنە لەوە گیراوە کە ئەو هەنگاوە کارى بانکى ناوەندییە بەڵام حکومەت پیشنیارى کردووە .