گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

حکومەتی هەرێم: حەشدە کوردییەکەی کەرکوک پێش دامەزراندنی هەڵوەشێنرایەوە

2020.12.16 - 11:35
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم: حەشدە کوردییەکەی کەرکوک پێش دامەزراندنی هەڵوەشێنرایەوە

ناس کورد-

نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆنی عێراق هەڵوەشانەوەى دامەزراندنی حەشدی کوردی لە کەرکوک ڕایگەیاند و دەڵێت، حكومەتی عێراق ھیچ فەرمانێكی بۆ دامەزراندنی ئەو هێزە نەداوە و ئەوەی كراوە حەشدی شەعبی كردوویەتی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەبدولخاڵق تەڵعەت لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (16ی کانونی یەکەمی 2020) دەڵێت، "چەند رۆژی رابردوو حەشدی شەعبی ھەڵسان بە دروستكردنی حەشدی كوردی، بەڵام كە زانییان كارادانەوەی توندی دەبێت و حكوومەتی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆ ھاتنە سەر هێڵ، ئەوانیش پەشیمان بوونەوە لە دامەزراندنی ئەو ھێزە و ھەڵوەشایەوە، بۆیە ئێستا ھیچ ھێزێكی حەشدی كوردی نەماوە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

باسی لەوەش كرد، "ئێمە ئاگادارین حكومەتی عێراق بە ھیچ شێوەیەك ھیچ فەرمانێكی دەرنەكردووە بۆ دامەزراندنی ئەو ھێزە، بەڵام حەشدی شەعبی خۆی ئەو كارەی كرد و ویستی حەشدی كوردی دروست بكات، بەڵام سەركەوتوو نەبوون بە ھۆی ئەو كاردانەوە توندەی بەرامبەری دروستكردنی ئەو ھێزە ھەبوو".

 

یەکەم فەوجی حەشدی کورد لە کەرکوک پێکهێنرا و بەپرسی ئەو حەشدە دەڵێت، "پێکهێنانی ئەو دەستەیە بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان و هاوڵاتیانی کوردە لە کەرکوک".  

 

زیاتر بخوێنەرەوە: حەشدی کوردی لە کەرکوک پێکهێنرا و بە ناوچە کوردییەکاندا بڵاودەبێتەوە  

 

ئەبو عیماد، بەرپرسی دەستەی حەشدی شەعبی لەمیانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کەرکوک کە "ناس کورد" بینەری بووە (12ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "لە پێکهێنانی فەوجی حەشدی کورد دواکەوتوین و دەبوو وەکو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە پێشتر بۆ گەنجانی کورد فەوجەکە پێکبهێنرایە و لە ئێستاشدا کاری جدی لەسەر دەکەین و لە رۆژانی داهاتووش فەوجە پێکدەهێنرێت و لە سنوری کەرکوک هاوشان لەگەڵ هێزەکانی دیکە بڵاوەیان پێدەکرێت."  

  

دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دروستکردنی فەوجێکی کوردیی حەشدی شەعبی لە کەرکوک هاتەدەنگ و بەرپرسێکی باڵای ئەو حزبە ڕایگەیاند، دروستکردنی ئەو هێزە بۆ نانەوەی ئاژاوەیە و ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی یان بەڕێگەی ئاشتی یان ڕێگەی دیکە هەر دەگەڕێتەوە کەرکوک.

 

کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی ئەو حزبە لە کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، (شەممە 12ی کانونی یەکەمی 2020) ڕایگەیاند، "کەرکوک داگیرکراوە و کاری حەشدی شەعبی نییە بچێت بیپارێزێت، دروستکردنی ئەو فەوجە کوردەش بۆ نانەوەی ئاژاوەیە و فەرماندەی فەوجەکە، فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە."  

 

هاوکات یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کەرکوک دژایەتی خۆی بۆ کردنەوەی فەوجی کوردیی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند و بەرپرسێکی ئەو حزبە ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین و ئەگەر کەرکوک پێویستی بە هێزێک بێت بۆ پاراستن ئەوە پێشمەرگەیە نەک هێزی بۆ دروست بکرێت.

 

 

نەجات محەمەد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک (یەکشەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هیچ پەیوەندییەکمان بە دروستکردنی ئەو هێزەوە نییە و لەگەڵیشیدا نین."