گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەلایەن ئێرانەوە دروستکراوە

حەشد سەرجەم بارەگاکانی سەرایای خۆراسانی داخست و ئەمیندارەکەشی دەستگیرکرد

2020.12.16 - 11:02
App store icon Play store icon Play store icon
حەشد سەرجەم بارەگاکانی سەرایای خۆراسانی داخست و ئەمیندارەکەشی دەستگیرکرد

ناس کورد-

هێزەکانى حەشدى شەعبى هەڵیانکوتایە سەر دەیان بارەگاى سەرایاى خۆراسانى سەر بەو حەشدە و دایانخست، هەروەها ئەمیندارى گشتى و نزیکەى 30 کەسى تریشى لەو گروپە دەستگیرکرد، سەرچاوەیەکى ئاگاداریش دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەى ئەو گروپە بەڕاوێژ لەگەڵ ئێراندا بووە بەڵام هۆکارەکەى نازانرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاپۆرتێکیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە، ماڵپەڕى عەرەبى 21 (16ى کانوونى یەکەمى 2020) بڵاوى کردووەتەوە، لەماوەى دوو ڕۆژى ڕابردوودا لەلایەن حەشدى شەعبیەوە دەستکراوە بە دەستگیرکردنى نزیکەى 30 کەس لە فەرماندە و کەسە دیارەکانى سەرایاى خۆراسانى کە لەناویاندا عەلى یاسرى ئەمیندارى ئەو گروپەى تێدایە" ئەوەش لەدواى ڕۆژێک لەدەستگیرکردنى حەمید جەزائیرى جێگرى پیشووى ئەمیندارى ئەو حزبە سەربازییە.



هاوکات بەگوێرەى سەرچاوەیەکى ئاگادار کە بە ڕۆژنامەى شەرق ئەوسەتى ڕاگەیاندووە، کاتێک هەڵکوتراوەتە سەر بارەگاکانى سەرایاى خۆراسانى لەلایەن حەشدى شەعبیەوە یاسرى ویستوویەتى بەرەو سوریا گەشت بکات بەڵام گەڕاوەتەوە و خۆى ڕادەستى هێزەکانى حەشدى شەعبى کردووە.


کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە


سەرچاوەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى سەرایاى خۆراسانى بە ڕاوێژ لەگەڵ ئێران و ئەبو فەدەک، سەرۆکی دەستەى حەشدی شەعبی کراوە کە ڕاستەوخۆى سەرپەرشتى کارەکە دەکات بەڵام هۆکارەکەى نازانرێت.



هەر بەگوێرەى سەرچاوەکە، حکومەتى عێراق و حەشدى شەعبیش پێشوازى لەبڕیارەکە دەکەن بەهۆى ئەوەى ناوبانگى ئەو گروپە لەئاستى ناوخۆدا زۆر خراپە.



ماڵپەڕى عەرەبى 21، لەسەر زارى فازڵ ئەبو ڕەغیف، شارەزاى بوارى ئاسایشەوە بڵاوى کردووەتەوە، حەشدى شەعبى بەرپرسە لە ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنى ئاڕاستەى هەموو ئەو دەزگا و گروپانەى کە دەچنەوە سەرى، لەبەر ئەوەى دەستەى حەشدى شەعبى بەفەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانەوە بەستراوە هەروەکو دەزگا ئەمنیەکانى تر.

 

پێشبینى ئەوەش دەکات هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و کەسیش هێڵى سوورى لەسەر نابێت لەناو حەشددا و ماوەیەک پیش ئێستاش فەرماندەیەک دەستگیرکرا و ڕەوانەى دادگا کرا و بەهۆى سەلماندنى تۆمەتەکانەوە لەسەرى سزاى لەسێدارەدانى بەسەردا سەپێنرا.



ئەو شارەزایە هەڵمەتى دەستگیرکردنى فەرماندەکانى سەرایەى خۆراسانى بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە یەکەمیان بەبێ ڕەزامەندى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و دەستەى حەشدى شەعبى هێز دەجوڵێنێت و دووەمیشیان کە هۆکارى سەرەکییە ئەوەیە ژمارەیەک لە بارەگاى وەهمى کردووەتەوە بێ وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمی.



ئەبو ڕەغیف بەدووریشى زانیى هۆکارى دەستگیرکردنى گروپەکانى خۆراسانى پەیوەندى بەکەیسى کوژراوانى خۆپیشاندانەکانى تشرینەوە هەبێت کە ئەو گروپەش تۆمەتبارن لەو کەیسانەدا.



لەلایەکى ترەوە، فەلاح مشعەل، توێژەرى سیاسى عێراقى بە ماڵپەڕەکەى وتووە، هۆکارى دەستگیرکردن و داخستنى بارەگاکانى سەرایاى خۆراسانى بۆ هێرشکردنە سەر چالاکانى مەدەنى و کوشتنیان دەگەڕێتەوە بەتایبەتى کوشتنى هیشام هاشمى، گەرچى دادگاش هیچ ڕونکردنەوەیەکى لەبارەوە نەداوە.



بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز ساڵى 2015 سەرایای خۆراسانى بەفەرمانى عەلى خامنەى و بەسەر پەرشتى قاسمى سولەیمانى دامەزراوە و بەشدارى شەڕەکانى سوریا دەکەن و لە عێراقیشدا بەشدارى شەڕەکانى دژى داعش کردووە، زیاتر لە سێ هەزار چەکداریان هەیە.



مانگى ئادارى ساڵى 2017 عەلى یاسرى، ئەمیندارى گشتى سەرایى خۆراسانى لە چاوصێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى (بلادى) ڕایگەیاند، سەرایا خۆراسانی سەر بەویلایەتى فەقییەى ئێرانیە و ناچێتە ژێرڕکێفى حکومەتى عێراقیەوە، ئەوان قەرزاربارى عەلى خامنەى ڕابەرى ئێرانن چونکە ئەوەى بیانەوێت بۆیان دابین دەکات.