ناس كورد-
لیژنەى یاسایى پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سوورن لەسەر تێپەڕاندنى پڕۆژەیاساى کۆنتڕۆڵکردنى چەکهەڵگرتن لە قۆناغەکانى داهاتوودا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباح کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ڕێبوار هادى، سەرۆکى لیژنەى یاسا لە پەرلەمانى عێراق (16ى کانونى یەکەمى 2020) ڕایگەیاندووە، لیژنەکەیان دەنگى بۆ پێشینازێکى یاسایی داوە و پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمانیشى کردووە بۆ ئەوەى بیخاتە بەرنامەى کارە تاوەکو خوێندنەوەى یەکەمی بۆ بکرێت.
ڕێبوار هادى هیواشى خواستووە یاساکە ببێتە هۆى ئەوەى لەمەودوا دەوڵەت بتوانێت کۆنتڕۆڵى دیاردەى چەکهەڵگرتن لە شەقام بکات و ئەو دۆخە بخاتە ژێر ڕکێفى خۆیەوە.
ڕۆژنامەکە باسى لەوەش کردووە، پێشتر و لەساڵى 2012ەوە پرۆژەیەیاسایەکى تر بەهۆى ناکۆکى لەسەر جۆرى سزاکە بۆ قاچاخچییانى چەک کە سزاى لەسێدارەدان و زیندانى هەتا هەتایى تێدا بووە بووەتە هۆى دواخستنى و دواتر چەند سزایەکى یاسایى تر لەو ساڵەوە بەسەر ئەوانەدا سەپێنراوە کە بەو کارانە تێوەگلاون بەڵام سزاکان سووکبوون لەچاو ئەو تۆمەتەکان.
بەگوێرەى ڕۆژنامەکە، ئەو پڕۆژەیاسایە تەواوى ئەو کاروبارانە ڕێکدەخات کە کێ بۆى هەیە چەکهەڵبگرێت و یاسا چۆن مۆڵەتى پێدەدات و بەرەنگاربوونەوەى قاچاخچێتى بە چەکەوە چۆن دەکرێت، بە تایبەتى گەر هاتوو قاچاخچێتیکردن بەچەک چووە خزمەتى گروپە تیرۆریستییەکانەوە.